٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك: زەویی ھەزاران جووتیاری كورد داگیر دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- پڕۆسەی داگیركردنی زەویی كوردان لە پارێزگای كەركووك بەردەوامە و، بەغدا لە رێگەی فەرمانگە پەیوەندارەكانەوە دەیەوێ شەرعییەت بە داگیركاری بدات، بەپێی دواپیلانیش، زەویی زیاتر لە پێنج ھەزار كورد بەسەر عەرەبی ھاوردەدا دابەش دەكرێت.

دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك دەستی پێكردووە و وەك بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووكیش روونی دەكاتەوە، عەرەبی ھاوردە لە رێگەی دادگاوە زەویی كورد داگیر دەكەن و كشتوكاڵی بەغدایش رەوایەتییان پێ دەدات.

مەھدی موبارەك، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆسەی بەعەرەبكردن لە سنووری كەركووك بەردەوامە، بە تایبەتی لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زەویوزاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، نووسراوێك ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی پارێزگای كەركووك كراوە و تێدا ئاماژە بەوە كراوە كە، ئەو بڕیارانەی لە دادگای كەركووك دەرچوون بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستەكان، پێویستە جێبەجێ بكرێن، ئەوەش لە دژی كوردە، ئەمە پێچەوانەی دەستوور و ماددەی ١٤٠ی دەستوورە، چونكە لە ساڵی ٢٠٠٧ ھەموو گرێبەستە كشتوكاڵییەكان ھەڵوەشێندراونەتەوە، ئێستا ھەر بڕیارێك لە دادگا دەربچێت، پێچەوانەی دەستوورە".

وەك بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای كەركووك دەڵێت: "لە خاڵی دووەمی نێو نووسراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقدا ھاتووە، ئەو عەرەبانەی ھاتوونەتە سەر زەویی كورد، ئەگەر خەڵكی كەركووكن، دەبێت لەسەر زەویی كورد بمێننەوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەعەرەبكردنی كەركووكە، كە دژی بڕیاری ٢٩ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە كە لە ساڵی ٢٠١٢ دەرچووە، بەپێی ئەو بڕیارەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ھەموو بڕیارەكانی ئەنجوومەنی بە ناو كاروباری باكوور ھەڵوەشاونەتەوە".

بەعەرەبكردنی زه‌وی كوردانبەرنامەبۆداڕێژراوە و دەستەڵاتداری خۆسەپێنی كەركووكیش ھەرچۆنێك بیامه‌وێ بەو شێوەیە لە غدا ھاوكار و پاڵپشتن بۆ ئەوەی ئاسانكاری بكرێت لە داگیركردنی زەویی كوردان، مەھدی موبارەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەعەرەبكردنی كەركووك و داگیركاری لەسەر زەویی كوردان، كێشەكان زیاتر ئاڵۆز دەكات و كاتێك كە نووسراوێك لە بەغداوە دەكرێت، ھیچ شارەزاییەكیان لە رەوشی كەركووك نییە، كێشەی زەوی لە پارێزگای كەركووك كێشەی سیاسییە، كەچی ئەوان دەیكەن بە كێشەی یاسایی، كێشەی سیاسی بە یاسا چارە ناكرێت".

لە دوای دەرچوونی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، كورد زۆر ھەوڵی دا تا بەشێك لە زەوییە داگیركراوەكان بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان، بەڵام دوای داگیركاری، جارێكی دیكە كورد كە خاوەنی رەسەنی كەركووكە، دەربەدەر دەكرێت و زەویی باب و باپیرانی لێ داگیر دەكرێت. موبارەك، ژمارە و شوێنی ئەو زەویانەشی ئاشكرا كرد كە پڕۆسەی داگیركاریی تێدا دەكرێت و  گوتی: " ھەموو ئەو  زەویانەیشی كە داگیری دەكەن، دەكەونە ناوچە كوردنشینەكان و بەشێكی كەمیش لە ناوچەی توركمانەكانە، نزیكەی پێنج ھەزار و سێسەد گرێبەست ھەڵوەشێندراونەتەوە و زەویی كورد بۆ خەڵكی رەسەنی كورد گەڕاوەتەوە، زیاتریش دەكەونە سنووری سەرگەڕان، پردێ، دوبز، شوان ، قەرەھەنجیر، یایچی، داقووق، لەیلان و ھەموو ناوچەكانی دیكەی كەركووك".

 

قائید میرۆ

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار