٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن ٩٠% تۆماری دەنگدەرانی پاک کردووەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەرگەی بنکەکانی بە ڕووی ھاووڵاتییاندا دەکاتەوە بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان و ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنیش ئاشکرای کرد، ٩٠%ی تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و وەھمی پاک کراوەتەوە.

 

بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمیش خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ ئەنجامی پڕۆسەکە. لەوبارەیەوە، دکتۆر جووتیار ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی سێشەممەی دابێ کۆمسیۆن دەرگای بنکەکانی بە ڕووی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستاندا واڵا دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناوەکانیان. ئەوانەیشی دەیانەوێ ناوەکانیان بۆ بنکەیەکی دیکە بگوازنەوە، لەبەر ئەوەش، داوا لە ھەموو دەنگدەران دەکەین سەردانی بنکەکان تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناوەکانیان و نوێنەری کیانە سیاسییەکانیش چاودێریی پڕۆسەکە دەکەن، کە ماوەی مانگێک دەخانەیەنێت."

 

یەکێک لە کێشەکانی بەردەم کۆمسیۆن پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە لە ناوی دووبارە و وەھمی، کە ماوەی چەند مانگێکە کۆمسیۆن کاری لەسەر دەکات. ئەندامەکەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەڵێت: "پڕۆسەی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا ٩٠%ی تۆمارەکە پاک کراوەتەوە، ئەو لایەنەنانەیشی لە تۆماری دەنگدەران گلەیی دەکەن، گلەییەکانیان ھەمووی بڕوبیانوون، ھەر لایەنێک گلەیی ھەیە لەوەی ناوی وەھمی و دووبارە لە نێو تۆمارەکەدا ھەیە، با سکاڵای خۆی پێکەش بکات، چونکە کۆمسیۆن ھەموو ڕێکارێکی پێویستی گرتووەتە بەر، کێشەکە لەوەدایە حکوومەت ھیچ داتایەکی نییە، لەبەر ئەوە، کۆمسیۆن زیاتر پشت بە کۆمپانیای گشتیی دانەوێلە و خۆراک دەبەستێت بۆ پاککردنەوەی ناوی دەنگدەران."

 

دەربارەی گلەییی ھەندێ لایەنی سیاسی، کە گوایە تۆماری دەنگدەران پڕە لە ناوی دووبارە و وەھمی، ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەر لایەنێک بەڵگەی دروستی لەبەردەست بێت ئەوە دەتوانێت لە ماوەی دیاریکراودا پێشکەشی کۆمسیۆنی بکات و بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام ھەندێ لایەن ھەر لەخۆیانەوە گلەیی دەکەن و تۆمەت دەبەخشنەوە، ئەوە کێشەی خۆیانە و ئێمە کار بە یاسا و بەڵگە دەکەین."

 

پەرلەمانی کوردستان تاکە دەزگەی چاودێرە لەسەر کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە پەرلەمان و کۆمسیۆن لەو بارەیەوە کۆ ببنەوە. دکتۆر جووتیار ئاکرەیی ڕوونی کردەوە: "بڕیارە ڕۆژی دوشەممەی دابێ کۆمسیۆن و پەرلەمانی کوردستان لەسەر تۆماری دەنگدەران کۆ ببنەوە و بەوردی باس لە پڕۆسەی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکرێت و بێگومان لایەنەکانیش لە نێو پەرلەمان دەتوانن بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار