"ئیدارەی ترامپ دەست بە یەکەم هەنگاوی هاوکاریی پێکهاتەکان دەکات"

دهۆک-KDP.info- پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، ئیدارەی ترامپ هەنگاوی یەکەمی هاوکاریی پێکهاتەکان و بەتایبەت ئێزدی و مەسیحی دەست پێ دەکات.
شاندێکی باڵای ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەل ئێزدییان لە قەزای شێخان کۆ بووەوە. شاندەکە پێک هاتبوو لە هەریەک لە مارگ گرین، بەڕیوبەری گشتیی وەکالەی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپیدان USAID و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی گشتیی ئەمەریکا لە عێراق و سامۆیل براو لە نووسینگەی نێودەڵەتیی ئازادیی ئایینەکان و سارا مەکین لە نووسینگەی مایک پینس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ستیڤان وابیش، ڕاوێژکاری نووسینگەی جێگری سەرۆک و لەگەڵ هەردوو ئەندامانی کۆنگرێس، جیف فۆرتنبیری و فرانک دۆلف و لەگەڵ شاری ئۆلدی لە کونسووڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر.
لەو بارەیەشەوە، دەخیل بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئامانج لە سەردانی ئەم شاندە بۆ ڕاوەستانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئەم دیدارە تایبەت بوو لەگەڵ ئێزدییان و بۆ هاوکاری بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و جێبەجێکردنی پرۆژەکان و کەمکردنی ئازارەکانمان و گەڕانەوەمان بۆ ناوچەگەلی مێژووییمان."
دەخیل ئاماژەیشی دا: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە واقیعی حاڵی ناوچەی ئێزدییان کرد، دوای هاتنی ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش و ئەم ناوچانە پێویستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژە لە ڕووی خزمەتگووزارییەوە هەیە، بەتایبەت لە ڕووی ئاو و ئاوەدانی و کارەبا و تەندروستی و و بەتایبەت ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان، ئەویش شنگال و باشیک و بەحزان، چونکە ئێزدییان ناتوانن لە ڕووی دارییەوە ناوچەکە ئاوەدان بکەنەوە و چەندین داواکاریی دیکەشمان گەیاندە ئەو شاندە."
ڤیان ئەوەیشی گوت: "ئەو وەڤدە ئەمەریکاییەی کە هاتبوو لەگەڵ چەندین ڕزگاربووی ئێزدی کە لەدەست داعش ڕزگار بوون، کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە ئێش و ئازارەکانیان بوو."
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە ناوەڕاستی حوزیرانی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ١١٠ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریی پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا خەرج دەکات.
کــاروان بـــاعەدری




