عەلی حوسێن: لهگهڵ یەكێتیی رێككەوتووین.. دەمانەوێت بەرەیەكی كوردستانی دروست بكەین

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پارتی دەڵێ، چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا، لەسەر پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەستاوە و، هەركاتێك ئەنجامەكان پەسەند بكرێن، هەوڵ دەدرێت شاندی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بچێت و، پارتی و یەكێتییش رێك كەوتوون هیچ بڕیارێك لەبارەی بەغداوە بە بێ یەكتری نەدەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام جەختی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە كورد بە یەكگرتوویی بچێتە بەغدا و تا ئێستایش چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا بۆ ئەو مەبەستە كراون و، هەردوولا رێك كەوتوون بە بێ یەكتری سەردانی بەغدا نەكەن، هەروەها داوایشیان لە لایەنەكانی دیكە كردووە ئەوانیش بێن لەگەڵیان بەشدار بن، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بچنە بەغدا.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پارتی، عەلی حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لایەنەكان چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن و، هەر كاتێك ئەنجامەكان پەسەند كران، دەست بە گفتوگۆ دەكرێت و ئەوەی ئێستا دەكرێت زەمینەخۆشكردنە، ئێمەیش وەك پارتی هەر لە سەرەتاوە پێمان خۆش بوو بە یەكگرتوویی بچینە بەغدا، بەڵام هەندێك بە جیا چوون و بۆ شكاندنی ئەو بەستەڵەكەی لەگەڵ عێراق دروست بووە، شاندی ئێمە چوو بۆ بەغدا، بۆیە لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا بینیمان لایەنەكان ئامادەیی گفتوگۆیان تێدایە و ئێمەیش هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە".
لەبارەی مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی دابێ، عەلی حوسێن گوتی: "ئێمە سێ بنەمامان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان هەیە، ئەوانیش بریتین لەوەی كە گەڕانەوە بۆ سازان و هاوبەشیی راستەقینە هەبێت و ئەوەی سێییەم هاوسەنگی هەبێت و كورد لە هەموو شوێنێك پشكی هەبێت، بۆیە چەند لایەنێك لەسەر ئەو بنەمایانە ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ ئێمەدا بكەن، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان دەكەین".
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەشڵێ: "ئێمە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان هاوبەشین لە هەرێمی كوردستان و هەوڵمان داوە بە بێ یەكتری نەچینە بەغدا، پێشتریش كە بە جیا چووین، هەماهەنگیمان هەبووە و ئێمە و ئەوانیش لەسەر بنەماكانی دروستكردنی حكوومەت هاودەنگین و تەنیا لە ناوچە كوردستانییەكان هەندێك گرفتمان هەیە، بۆیە ئەمەش پێویستی بە رێككەوتن هەیە و لەگەڵ قەوارەكانی ئەو حكوومەتەی دروست دەبێت، پێویستە رێككەوتنی لەسەر بكرێت".
حوسێن هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "مەبەدەئییەن رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیدا كراوە كە هیچ هەنگاوێك لەگەڵ بەغدا نەنێین بە بێ یەكتری، بۆ هەر پرسێكی پەیوەستە بە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتری گفتوگۆی لەسەر دەكەین و هەوڵ دەدەین لایەنەكانی دیكەیش لەگەڵ ئێمەدا بن".
لەبارەی چوونی شاندەوە بۆ بەغدا، عەلی حوسێن گوتی: "هەر كاتێك ئەنجامەكان پەسەند كران، شاندێكی ئێمە سەردانی بەغدا دەكاتەوە و هەوڵ دەدرێت بە هاوبەشی بێت لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكەدا، ئەگەر بە جیایش بچین، بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ یەكێتیدا، چونكە ئێمە دەمانەوێت بەرەیەكی كوردستانی دروست بكەین و بەیەكەوە بچینە بەغدا".
بڵند ئیبراهیم




