نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزبوونی دۆخی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری جێگه‌ی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه

هەولێر-KDP.info- دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌یانیی چوارشه‌ممه 4/7/2018ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ڕه‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌وه كرد.
سه‌ره‌تا گوتی "ئێمه ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانمان هه‌بوو و خاڵی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه ئه‌وه بوو كۆمپانیای دیلۆیت كه وردبینی له هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه بوون و ڕاپۆرتی خۆیان له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان له شه‌ش مانگی دووهه‌می ساڵی 2017 و سێ مانگی 2018 پێشكه‌ش كرد. هه‌روه‌ك پێشتریش باسم كرد ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی زۆر زۆر گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی پرسی شه‌فافییه‌تی نه‌وته‌وه و شتێكه جێگه‌ی گرنگیدانی هه‌م ده‌ره‌وه و هه‌م ناوخۆیه و خه‌ڵكی كوردستانیش مافی خۆیانه بزانن ئه‌م پرۆسه‌یه به چ شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌موو ئه‌م زانیارییانه ئه‌مڕۆ به خۆشحاڵییه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه پێشكه‌شكران و بڕیار وایه ڕۆژانی داهاتوو به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هه‌موو ئه‌و داتا و ژمارانه بڵاو بكرێنه‌وه".
هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێ
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له قوتابیانی ده‌رچووی ناوه‌ندى و ئاماده‌یی كرد و ڕایگه‌یاند "ده‌مه‌وێ لێره‌وه پیرۆزبایی خۆم له ده‌رچووان و یه‌كه‌مه‌كانی قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له هه‌رێمی كوردستان بكه‌م و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م بۆ ماندوبوون و خوێندنی به‌رده‌وامیان و سوپاسی دایك و باوكانی خۆشه‌ویستی ئه‌و قوتابیانه ده‌كه‌م كه یارمه‌تیی مناڵه‌كانیان داوه و جێگه‌ی شانازییه كه ئه‌و قۆناغه‌یان به‌و شێوه سه‌ركه‌وتووه بڕیوه و په‌نا به خوا له ده‌رفه‌تێكی نزیكدا به دیداریان شاد ده‌بم".
هه‌ر له به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا سەرۆکوەزیران باسی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و ئاشكرای كرد "هه‌روه‌ك ده‌زانن ڕۆژی 30/9/ 2018 ئێمه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانمان هه‌یه و سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ههڵبژدارنه له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت. له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ردوام له‌سه‌ر هێڵین و تا ئێستا بابه‌تی ده‌نگه‌كان یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه و هه‌ڵوێستی ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕوون بووه و بۆ ئه‌وه‌ی نیگه‌رانیی به‌تایبه‌تی حزبه كوردستانییه‌كان بڕه‌وێته‌وه، پشتگیریمان له‌وه كردووه ده‌نگه‌كان به ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه و هه‌ڵوێستی خۆشمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه پێویسته له به‌غدا هه‌موومان به یه‌كگرتوویی و به‌یه‌كه‌وه به‌شدار بین بۆ به‌رگریكردن له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".
دواتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه و نیگه‌رانی له پاشوپێشكردن له خشته‌كه‌دا، گوتی "ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه ئه‌وه‌یه هه‌ر 30 ڕۆژ جارێك مووچه دابه‌ش بكرێت و به سوپاسه‌وه له‌م چه‌ند مانگه‌دا وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌م خشته‌یان ڕێكخستووه، جا پێشكه‌وتن یان پاشكه‌وتن، بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه گرنگه كه هه‌ر 30 ڕۆژ جارێك مووچه بدرێت و ئاگاداری ئه‌و نیگه‌رانییه‌م، به‌ڵام نابێت ئه‌مه ببێته جیگه‌ی نیگه‌رانی و مومكینه له كاتێكی تردا وه‌زاره‌تێكی دیكه پێشبكه‌وێت و ئه‌مه بۆ ئه‌وه نییه مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی له دواخستنی ئه‌وان هه‌بێت".
گرینگە کورد یەکهەڵوێست بێ
ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی به‌رده‌وامه و ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه ئه‌وه‌یه كورد به یه‌ك هه‌ڵوێست له به‌غدا به‌شدار بێت، به‌ڵام تا ئێستا شته‌كان له به‌غدا ڕوون نین. یه‌كه‌م شت تا ئێستا ئه‌نجامی فه‌رمیی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن دادگاوه ته‌سدیق نه‌كراوه و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه ده‌بێت ئه‌نجام بدرێت و كه ئه‌نجام درا پێمانوایه دوای ئه‌وه زیاتر ده‌رفه‌ت بۆ دروستبوونی هاوپه‌یمانی ده‌كرێته‌وه و تا ئه‌و پرۆسه‌یه به‌كۆتایی نه‌یه‌ت، نامانه‌وێ په‌له له بابه‌تی هاوپه‌یمانی بكه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان له به‌غدا به‌رده‌وامین و له كۆبوونه‌وه‌كان به‌شدار ده‌بین و ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی ئه‌و لایهنهنایه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه هاوپه‌یمانی ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كان بۆ یه‌كڕیزیى لایه‌نه كوردستانییه‌كان له به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا دوای په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووى نێوان نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد "سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه كورد په‌رته‌وازه ده‌رده‌كه‌وێت، ئێمه یه‌ك كێشه‌مان هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه گله‌ییان له ئه‌نجامی ئهڵبژاردن هه‌یه، هه‌روه‌ك له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه خۆشم گوتم بۆ ئه‌وه‌ی گله‌یی ئه‌و لایه‌نانه نه‌مێنێت، پشتگیری له‌وه ده‌كه‌ین ده‌نگه‌كان به ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه و ئه‌نجامه‌كان بۆ ئه‌وانیش ڕوون بێت. ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قسه بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین به یه‌كگرتوویی له به‌غدا بین، مه‌به‌ست ته‌نیا یه‌كێتی و پارتی نییه، به‌ڵكو ده‌خوازین هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ئه‌وانه‌ی كه كورسییان هه‌یه و براوه‌ن به‌یه‌كه‌وه به‌شدار بین له به‌غدا. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی جه‌نابی سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌گه‌ڵ به‌نده، زیاتر بۆ بابه‌تی پیرۆزبایی له جه‌نابیان بوو به‌بۆنه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه له هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ستی هێنا و پیرۆزباییم لێ كرد. هه‌ردوولامان جه‌ختمان له‌وه كرده‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نقه‌ره ده‌بێت به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات و به بڕوای من ئێمه له قۆناغێكی نوێداین و له‌وانه‌یه له ده‌رفه‌تێكدا بتوانم سه‌ردانی توركیا بكه‌م بۆ دیدار و گفتوگۆی زیاتر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا".
ئامادەین هاوکاریی بەغدا بکەین
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به دۆخی كه‌ركووك و ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره، ڕایگه‌یاند "هه‌رێمی كوردستان زۆر به نیگه‌رانییه‌وه سه‌یری ئه‌و دۆخه ده‌كات به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه له هه‌ندێك شوێن داعش ده‌ستی به كۆمه‌ڵێك چالاكیی سه‌ربازی كردووه و ئه‌مه جێگه‌ی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه، بێگومان هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی ئه‌منیه‌ت و ئاسایش له هه‌موو ئه‌و سنوورانه ئاماده‌ییی ته‌واوی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات و ئێمه هاوكار ده‌بین و هه‌ر شتێك به ئێمه بكرێت بۆ جێگیربوونی ئاسایش له‌و سنوورانه له‌سه‌ر داوای به‌غدا، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه، چونكه بابه‌تی ئاسایش و ئه‌منییه‌ت ئه‌وه‌ی له شوێنه‌كانی دیكه هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر شوێنه‌كانی دیكه هه‌یه و له ڕاستیشدا ئێمه دوژمنێكی هاوبه‌شمان هه‌یه كه داعشه و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ به‌غدا، بۆ هه‌ولێر، بۆ نه‌جه‌ف و بۆ مووسڵ و بۆ هه‌موو شوێنێك. سه‌باره‌ت به ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان ڕوون كردۆته‌وه و دووباره‌شی ده‌كه‌ینه‌وه كه ئاماده‌ین بۆ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی جێگیربوونی ئاسایش".
سه‌باره‌ت به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و مووچانه‌ی دواكه‌وتوون و ده‌نگۆی داواكاریی لایه‌نه‌كان بۆ پاشخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان، نێچیرڤان بارزانی گوتی "هه‌روه‌ك باسم كرد ئێمه ئاره‌زووی خۆمان ده‌ربڕیوه له ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندین جاریش دووباره‌مان كردۆته‌وه كه ئاماده‌ین له ڕووی ئه‌منییه‌وه هاوكاریی به‌غدا بكه‌ین. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ى كه هیچ لایه‌نێك به فه‌رمی داوای له ئێمه كردبێت هه‌ڵبژاردن دوا بخه‌ین، ئه‌وا هیچ لایه‌نێك به فه‌رمی داوای له ئێمه نه‌كردووه. سه‌باره‌ت به مووچه‌ش به‌پێی داهاتی حكوومه‌ت، مووچه دابه‌ش ده‌كرێت".
لێکۆڵێنەوە دەکرێ
ده‌رباره‌ی دیارده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی كۆگاكانی چه‌ك له هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و دۆخی كه‌ركووك، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد "له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر هێڵین بۆ ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته لێكۆڵینه‌وه بكات و بزانین چۆنه، چونكه هێشتا زووه من قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌م. هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانیش له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه و ئێمه باسمان كردووه له ئه‌نجومه‌ن و له‌وانه‌یه پێویست بێت لایه‌نه‌كان زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌وانین، به‌ڵام ئێمه وه‌ك پارتی، ئه‌وا پارتی ئاماده‌یه بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه و ده‌مانه‌وێت له كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێن، به‌ڵام با چاوه‌ڕێ بین بزانین لایه‌نه‌كان بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چۆن ده‌بێت. سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ش بۆ كه‌ركووك، بۆ جێگیركردنی ئاسایش بۆ ئه‌و سنوورانه و بۆ كه‌ركووك، تا ئێستا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌نێوان ئێمه و به‌غدا نه‌بووه كه داوا له ئێمه بكرێت هێزی پێشمه‌رگه بنێرین بۆ یارمه‌تیدانیان. ئه‌مه بابه‌تێكی جێگه‌ی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه و زۆریش نیگه‌رانین به تێكچوونی دۆخی ئه‌منیی ئه‌و شوێنانه و ئه‌گه‌ر داوا له ئێمه بكرێت بۆ جێگیركردنی ئاسایش له‌و سنوورانه، به‌ڵێ ده‌یكه‌ین، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراوه".
هه‌ر ده‌رباره‌ی سووتانی ئه‌مباره‌كانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و ڕای شه‌قام له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، نێچیرڤان بارزانی گوتی "شه‌قام باسی زۆر شت ده‌كات و مه‌رج نییه هه‌ر شتێك له شه‌قام باس ده‌كرێت ڕاست بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێستا لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌مان داناوه بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته بكات و با جارێ لێگه‌ڕێین ئه‌نجامی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه چۆن ده‌بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هه‌نارده‌كردنی نەوت، ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا دووپات کردەوە لەسەر هاوکاریکردن بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و لەوبارەیەوە گوتی: "دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو تەئکیدم کردۆتەوە بۆ بەغدا و جەنابی سەرۆک وەزیران کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتیی بەغدا بدات بۆ هەناردەکردنی ئەو نەوتەی ئێستا هەیە، نزیکەی ٢٥٠ تا ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەیە لە کەرکووک کە تا ئێستا ناتوانن هەناردەی بکەن، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئامادەین یارمەتی بدەین لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە ئەم نەوتە بڕوات بۆ دەرەوە، تا ئێستا بەغدا ڕەزامەندی نیشان نەداوە، واتە لەو ڕۆژەی پێم گوتوون هەتا ئێستا ته‌نیا ڕه‌زامه‌ندییان بدابا، نزیکەی سێ ملیار و پێنجسه‌د ملیۆن دۆلار بودجە دەچوو بۆ بەغدا. تا ئێستا تێناگەم بۆ بەغدا لەم بابەتە پەلە ناکات لەوەی کە بۆریی هەرێمی کوردستانە و بۆریی عێراقیشە. پێم وایە دەرفەتی ئەوە هەیە یارمەتییان بدەین نەوتەکە لێرەوە بڕوات و پێشمان گوتوون لاریمان نییە ئەو نەوتە لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە و لە بەندەری جەیهان سۆمۆ وەریبگرێت و مەسەلەی فرۆشتنەکەی سۆمۆ بە ئەستۆی بگرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەو بارەیەوە بەغدا وەڵامێکی نەداوەتەوە".
کێشەی کارەبا
نێچیرڤان بارزانی دەربارەی چەند حاڵەتێک لە فرۆشتنی چەک، ئەوەی ڕاگەیاند کە "لەوانەیە هەندێک حاڵەت هەبێت، ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە بە بەردەوام بەدواداچوون دەکات ئەگەر چەک فرۆشرابێت، وەزارەتی پێشمەرگە بە بەردەوام لیژنەیان هەیە و ئەوانەی ئەم کارانە دەکەن دەستگیریان دەکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن، ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە".
سەبارەت بە ڕەوشی کارەبا لە هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکوەزیران، کەمیی کارەبای بە کێشەیەکی گەورە دانا و لەوبارەیەوە گوتی: "ئێستا لە کەرتی کارەبا خەریکی چاکسازین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. کێشەی کارەبا کیشەی بەرهەمهێنانی کارەبا نییە، بەقەد ئه‌وه‌ى گەیاندنی کارەبایه بۆ شوێنەکان. دوو کێشە هەیە، یەکەمیان بەکارهێنانی کارەبا زۆرە و زێدەڕەوییەکی زۆر دەکرێت. دووەم، وەکوو پێویست پارەی کارەبا کۆناکرێتەوە، واتە باڵانسێک لەم دۆخه‌دا نییە، کارەبایەکی زۆر دەڕوات و پارەیەکی کەم بۆ حکوومەت کۆدەکرێتەوە. خەریکی چاکسازییەکین و دەستمان پێکردووە بەوەی کە سێکتەری کارەبا ببێت بە کارت وەک تەلەفۆن، لە هەموو شوێنەکان ئەوە دەکەین، تۆ چەند کارەبا خه‌رج دەکەی، دەبێ ئەوەندەش پارەکەی بدەی، بەڵام لەوە تێدەگەم کە ئێستا گەرمە و دۆخه‌كه ناخۆشە، بۆیە لە کاتی گەرمادا بەهۆی بەکارهێنانی زیاتری کارەبا کێشەکانیش زیاتر دەبن".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی دەنگۆی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای چەند لایەنێکی سیاسی، گوتی: "تا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی داوای نەکردووە هەڵبژاردن دوا بخرێت."
دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداش، باسی لەوە کرد "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا باشە و ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە کە پەیوەندییەکانمان باش نەبوو، ئێستاش لە قۆناغێکی تەواو نوێداین لە مەسەلەی پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا و هیوادارین بە دامەزراندنی حکوومەتی نوێ لە بەغدا، بتوانین هەموو ئەو کێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا، بە شێوەی دیالۆگ چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە".
نێچیرڤان بارزانی سەرسوڕمانیی خۆی نیشان دا لەسەر ئاڵۆزکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە کوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا گوتی "وایان لێکردووە خۆشم سەرم لێ دەرناچێت، لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بەردەوامین بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە".
دەربارەی کردنەوەی ڕێگای سەرەکیی هەولێر ـ کەرکووکیش، نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی هەر هەنگاوێکی دووپات کردەوە بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی نێوان هەولێر و کەرکووک، هەروەها دهۆک و مووسڵ. لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێستا، لەسەر ئێمە نەماوە، بەڵکو لەسەر بەغدا ماوەتەوە، تا ئێستا خواستێكى جددی لەلایەن بەغداوە نابینم بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگایانە، بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پێمان خۆشە و ڕامانگەیاندووە کە سبەی بکرێنەوە."
هەرچی بۆ ئێزدییان بکرێ باشە
زیادکردنی کورسیی ئێزدییان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، تەوەرێکی دیکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "وەک خۆم پشتگیریی ئەو بابەتە دەکەم، ئێزدییەکان هەرچییەکیان بۆ بکەین باشە، ئەگەر ئەوان حەزی پێ بکەن، بە بیرۆکەیەکی باشیشی دەبینم و کێشە نییە".
دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین بەوەی لە هەندێک شوێندا هەندێک لە هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی جا چ لەلایەن تورکیاوه بێت یان لایەنێکی دیکە. واقیعێک هەیە ناکرێت نەیبینین، بۆچی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە هەرێمی کوردستان دەکرێن؟ چونکە پەکەکە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە بۆ ئەوەی بەکاری بێنێت و هێرش بکاتە سەر تورکیا و بۆ ئێرە بگەڕێتەوە. ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دژی ئەوەین ئۆپۆزسیۆنی هیچ وڵاتێکی دراوسێمان چ ئێران و چ تورکیا، خاکی هەرێمی کوردستان بەکار بێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێمان. بەرپرسیاریه‌تیی ئێمە، بەرپرسیاریه‌تیی هەرێمی کوردستانی عێراقە و چەندین جار داواشمان لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کردووە کە دەبێ سنوورێک بۆ ئەم مەسەلەیە دابنێن، داواشمان لە پەکەکە کردووە کە نابێ ببنە هۆکاری ئەوەی ئەم زەرەر و زیانانە بەر خەڵک بکەوێت. خەڵکی کوردستان دەبێ بزانێت یەکلایەنە نییە، ئەو شتانەی دەکرێت خەتای پەکەکەیە، ئەوەی دەکرێ خەتای ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی ئێرانە کە لە خاکی هەرێمی کوردستان ئیستفادە دەکەن و دەچن. ئەوە قەت هاوکاریی هەرێمی کوردستان نییە، چەندین جاریش داوام لێکردوون كه یارمەتیمان بدەن، لە کوردستانی عێراقەوە نه‌چن لەو شوێنانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن و دوایی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان."
مۆندیال سوپرایزی زۆری تێدایە
لە وەڵامی پرسیارێکی وەرزشیشدا کە لایەنگری چ هەڵبژاردەیەکی مۆندیالی ڕووسیایه، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "با بزانم ئەمانە چۆن یاری دەکەن. ئەم مۆندیالەش وەک هەڵبژاردنی عێراقە، ئەوەندە سوپرایزی تێدایە کەس تێناگات چی لێ دێت؟ ئەو هێزانەی نەدەبوایە دەربچن، چوونە دەرەوە، ئەڵمانیا و ئیسپانیا هەموویان دەرچوون کە دەبوایە بمێنن، ئەوانەی ماونەتەوە پێشبینی نەدەکرا وای لێبێت. مۆندیالی ئێستا لە ڕووسیا پڕە لە شتی چاوەڕواننەکراو، با بزانین چۆن دەبێ."
سەبارەت به‌و كێشانه‌ى دێنه به‌رده‌م ڕۆژنامەنووسان له كاتى ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا، سەرۆکوەزیران گوتی: "وەکوو بنەما کێشەمان لەسەر بابەتی ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەگەری نییە، پشتیوانی لەوە دەکەین کە ئازاد بن، ئەوە بابەتی باسکردن نییە، هەرێمی کوردستان شوێنێکە کە مەسەلەی ڕۆژنامەگەری تیایدا ئازادە، ڕەنگە کێشە هەبێ و هەندێک کێشە هەر ڕوودەدات لێرە و لەوێ، بەڵام وەکوو بنەما ئەمە هەیە و ئەگەر پێویست بکات ڕێنمایی دەربکەین، دەریدەکەین".
دەربارەی دەنگۆی مامه‌ڵه‌كردن لەگەڵ داعش بۆ فرۆشتنی نەوت، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و گوتی: "مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی داعش، ئەسڵەن لە فکری هەرێمی کوردستاندا نەبووە، لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٤ چەند حاڵەتێکی لەم شێوەیە باس کرا، ئێمە ئیجرائیاتمان کردووە و دوای ئەوە شتی وا نەبووە."
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە هۆکاری وەستانی پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای هەولێر ـ کۆیە کرد و ڕایگەیاند: "بەر لە قەیرانی دارایی هەرێم پلانمان هەبوو بۆ دروستکردنی ڕێگای کۆیە و پلانەکەشمان جێبەجێ دەکرد، بەڵام مەسەلەی دارایی وایکرد ئەو پڕۆژەیە ڕابگرین، تا حەددێکیش بەرەوپێشەوە ڕۆیشت و لە کەسنەزانەوە ئەو پڕۆژەیە دەستی پێ‌کردبوو، لەبەر باری دارایی وەستا. ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەو ڕێگەیە دروست بکرێت، ئەولەوییەتی دیکەش ئەوەیە کە هەوڵ بدەین لەگەڵ بەغدا ڕێگەی هەولێر و پردێ بکرێتەوە."




