"پرۆژەیاساییەک بۆ ئیدارەدانی ئاوی هەرێم دەخرێتە ڕوو"
__2018_07_04_h16m9s34__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- بڕیارە لە ڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە کێشەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و وەک بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمیش دەڵێ، بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە لەمەودوا ئیدارەدانی ئاو دەکرێت تا کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان نەبێت.
ئەمڕۆ لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی بە وردی تاوتوێی ئەو پڕۆژەیاسایە بکرێت، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو بخرێتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان.
لەوبارەیەوە، مەسعوود کاڕەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان و کشتوکاڵ ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و بە وردی باسمان لە ماددە و بڕگەکانی نێو پڕۆژەیاساکە کرد، کە ھەموو خاڵەکانی، یەک لە یەک گرنگتر بوون، چونکە ئاشکرایە لە ناوچەکە و جیھان کێشەی کەمئاوی سەری ھەڵداوە و پێویستی بە بەخۆداچوونەوە ھەیە لە بەڕێوەبردنی ئاو."
بەڕێوبەری گشتیی ئاوی ھەرێم دەڵێت: "بڕیارە لە چەند ڕۆژی دابێدا جارێکی دیکە لایەنە پەیوەندارەکان کۆ ببنەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئامادەکردن و دەرکردنی پڕۆژەیاساکە بخەنە ڕوو."
ئەندازیار محەمەد ئەمین فارس، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ئاوی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئاو پرسێکی سیادییە گەرەنتیکردنی ئاو لە دەرەوەی سنووری ھەرێمی کوردستان بابەتێکی سیادییە، بەڵام ئەگەر کێشەکە لە نێو ھەرێمی کوردستاندا بێت، لە دەسەڵاتی ھەرێمدایە، ئەو دانوستانانەی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دەوروبەر لەبارەی پرسی ئاو دەکرێن من وەک نوێنەری شاندی ھەرێمی کوردستان بەشدار بوومە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا ئێستا بەردەوامن و عێراق نەگەیشتووەتە ھیچ ڕێککەوتنێک، تەنیا ڕێککەوتنێک ھەیە لە ساڵانی ھەشتاکان لەسەر ڕووباری فوڕات، بە پێی ڕێککەوتنەکە ٥٠٠ مەتر موکەعەب ئاو لە چرکەیەکدا لە نێوان سنووری تورکیا و سووریا ٥٧%ی بۆ عێراق بێت، بەڵام لەسەر ڕووباری دیجلە تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، تا عێراق بتوانێت داوای مافی گەرەنتیی بەردانی ئاو بکات."
مەسعوود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەدەرکردنی پڕۆژەیاسای ئیدارەدانی ئاو زۆرێک لەو کێشانەی لە کەرتی ئاودا ھەن چارەسەر دەکرێن، چونکە وڵاتانی دەوروبەر ڕێژەی بەردانی ئاویان لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق کەم کردووەتەوە. ئێستا ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و سیروان و زێی بچووک و کاروون و ئەڵوەند زۆر کەمی کردووە، ئێمە زیاتر دەست بە ئاوەوە دەگرین، بەتایبەتی نابێت لەمەودوا ئاو بەفیڕۆ بدرێت و لە یەکێک لە خالەکانیشدا ھاتووە لیژنەیەکی باڵا بۆ ئیدارەدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان پێک دێت."
مانگی ڕابردوو ھەریەک لە وڵاتی ئێران و تورکیا ڕێژەی بەردانی ئاویان لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردەوە و زۆرێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تووشی کێشەی کەمئاوی بوون.
قائید میرۆ




