٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باس: هەوڵ دەدرێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێ

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  یەکێتی لە ھەوڵەکانی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، بە بیانووی ئەوەوە کە ھەردوو ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە بکرێن، بەڵام لەو وادەیەدا نەبێت کە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە و بخرێتە ساڵی ئایندە (٢٠١٩) ھەریەک لە پارتی و گۆڕان و یەکگرتوویش ئاماژە بەوە دەدەن باشترە ھەڵبژاردنی پارێزگاکانیش ھاوکاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.


ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، کە ماوەی یاساییان لە پەرلەمان عێراق لە ١-٧ـەوە کۆتایی ھاتووە، رایگەیاندووە، زانیویانە کە یەکێتی لە ھەوڵدایە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمین بەکر، جەختی لەوە کردەوە، ترسیان ھەیە یەکێتی لەو ھەوڵەیدا سەر بکەوێت. گوتیشی "یەکێتی لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نییە لەو وادەیەی دیاری کراوە، بەڵام خۆیان دەزانن لەبەرچی نایانەوێ ھەڵبژاردن لەو وادەیەدا بکرێت."

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (باس) کە لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا بڵاوی کردووەتەوە و لە سەرچاوەی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێی دراوە، سەرکردایەتیی یەکێتی لە دواکۆبوونەوەی خۆیدا لە دوو ھەفتەی ڕابردوودا، بڕیاری پێکھێنانی شاندێکی داوە بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە مەبەستی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی ئایندە (٢٠١٩) بیانووی ئەو شاندەش بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستانە بە یەکەوە.

سەرچاوەکە ئاشکرایشی کردووە، لە کۆبوونەوەی یەکێتیدا باس لەوە کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن کۆنگرەی یەکێتی لەم ساڵدا ئەنجام بدەن، باشترە کار بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی ٣٠-٩ی بۆ ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنەی داناوە و بودجەی پێویستی بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان دابین کردووە.

کۆمسیۆن ئامادەکاری کردووە
لای خۆیشیانەوە، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی بە کاری پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنە کردووە و لەمڕۆ سێشەممەوە دوای تۆمارکردنی ناوی قەوارە و ھاوپەیمانییەکان، کە وادەکەی لە چوارشەممەی ھەفتەی رابردوودا تەواو بوو، دەست دەکرێت بە تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکانی ھەڵبژاردن، کە لەلایەن قەوارە و لیستە تۆمارکراوەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی ناکرێ کە زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ پێشنیازی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بن و ئەو ھەوڵەی یەکێتی سەربکەوێ،  ھیچ گەرەنتییەکیش نییە کە یەکێتی بتوانێ لەمساڵدا کۆنگرەکەی ئەنجام بدات.

سەرچاوەکە ئەوەی خستە ڕوو، کە ھەوڵەکان بۆ ئەوەن، بەر لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی کۆنگرەیەک ئەنجام بدات و، لەبەر ئەوەشە بە باشی نازانێ بەبێ ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە بڕواتە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە.  

سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێتی لە ھەوڵی چڕدایە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و بۆ ئەوەش یەکەم لایەن ئەو پێشنیازەی بۆ بکات پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.

دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ موزایەدەیە
بەڵام عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە و ناتوانێ درێژتری بکاتەوە، ئەوان بە باشی دەزانن ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش پێش بخرێت و ھاوکاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، گوتیشی: "جگە لەوەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وادەی بۆ دیاری کردووە و لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیشەوە ئامادەکاریی تەواوی بۆ کراوە، لەبەرئەوە ھیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی گونجاو نییە، ئەگەر یەکێتی مەبەستیەتی کۆنگرە بکات، ئەوە دەتوانێ پێش ھەڵبژاردن لەو سێ مانگەی ماوە بیکات."

ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، کۆنگرەی یەکێتی خۆی دوا کەوتووە، با ئەوە نەبێتە ھۆی دواکەوتنی ھەڵبژاردنەکانیش لە کوردستان و، دەڵێ "حەق وایە کار بۆ ئەوە بکەین ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بێتە پێشەوە، نەک بۆ ئەو ھەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت، چونکە ئەگەر دوا بخرێت موزایەدە دەکرێت و دەست دەکرێت بە ھوتاف لێدان لەسەر ئەوەی ئەو حکوومەتە ماوەی بەسەر چووە، بۆیە ئەو ڕێگایە بە باش نابینین."

یاسا ڕێگە بە دواخستنی ھەڵبژاردن نادات
هەرچی پەرلەمانتاری گۆڕان، بەھار مەحموود، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستانە دەڵێ، یاسا ڕێگە بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نادات، چونکە خەڵکی کوردستان بۆ چوار ساڵ دەنگی بە پەرلەمانتار داوە، گوتیشی: "ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان دەستوور ھەبوایە، ئەوا بە ھیچ شێوەیەک نەدەکرا، ھەروەکوو پەرلەمانی عێراق کە نەیتوانی ماوەی خۆی درێژ بکاتەوە، ھەر لایەنێکیش بیانووی ھەیە کە ھەڵبژاردنی پارێزگاکان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بکرێت، ئەوا دەکرێت ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بھێنرێتە ئەو رۆژەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی تیادا دیاری کراوە، نەوەکوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەبەر خاتری ئەو دوا بخرێت".

بەهار مەحموود جەختی لەوەش کردەوە، یاسا ڕێگە بە دواخستنی ھەڵبژاردن نادات و ھەر لایەنێک ئەوە بکات، ئەوا پێشێلکاریی بەرامبەر بە یاسا دەکات.

کۆنگرە ئینجا هەڵبژاردن
بەڵام بڕیار ڕەشید، گوتەبێژی مەکتەبی ھەڵبژاردنی یەکێتی گوتوویەتی، ئەوان وەکوو یەکێتی ئامادەکاریی تەواویان بۆ ھەڵبژاردن کردووە و کاندیدەکانیشیان لە وادەی دیاریکراوی کۆمسیۆن پێشکەش دەکەن، گوتووشیەتی "ئەوە تۆمەتی گۆڕانە کە ئێمە ناتوانین کاندید دیاری بکەین؛ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش وایان گوت، دواتر کاندیدیشمان دیاری کرد و ئەوە بوو یەکێتی سەرکەوتنێکی باشیشی بە دەست ھێنا، کە لە پێشبینییەکانی ئەوان زۆر زیاتر بوو. ئەو قسانە لەبەرامبەر یەکێتی دەکرێت یەکێتی وەڵامی ئەو تۆمەتانە بە دەنگھێنان لە ھەڵبژاردن دەداتەوە."

لەبارەی کۆنگرەشەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی یەکێتی بە (باس)ی گوتووە، یەکێتی لەسەر ئەو بڕیارەیەتی، کە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆنگرەکەی ئەنجام بدات، گوتیشی "سەرکردایەتیی یەکێتی پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، بڕیاری داوە کە کۆنگرەی یەکێتی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدات، ئێستاش ھەر لەسەر ئەو بڕیارەین."

لای خۆیشیانەوە، بەھار عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتار و سەرکردە لە یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، لە مانگی ٩دا ئەو خوولە درێژکراوەی پەرلەمان کۆتایی دێت، لە ڕووی یاساییەوە ھیچ شەرعییەتێک نییە بۆ جارێکی دیکە پەرلەمان درێژ بکرێتەوە و ھەڵبژاردن دوا بخرێت، لەبەر ئەوە باشترە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، یان ئەوەتا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەر بکرێت، گوتیشی: "ئێمە وەکوو یەکگرتوو بۆ ھەردوو ھەڵبژاردن ئامادەین، ئەوەش بە باشتر دەزانین، چونکە لەلایەک بە خەرجیی کەمتر دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی ماندووە و ئەوەندە ناتوانێ لەناو بانگەشەی ھەڵبژاردندا بێ و بڕواتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، لەبەرئەوە باشترە ھەردووکیان بە یەکەوە بکرێن."

 

هەواڵی پەیوەندیدار