٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەسوكاری ڕفێنراوان داوا لە پەیەدە دەكەن چارەنووسی نەوەكانیان ئاشكرا بكه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆك-KDP.info-  سەركردەیەكی ئەنەكەسە ده‌ڵێ، چەندین جارە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و كەسوكاری ڕفێنراوەكانی ژێر دەستەڵاتی پەیەدە داوای دیاریكردنی چارەنووسی نەوەكانیان دەكەن، بەڵام پەیەدە هیچ وەڵامێكی نییە.

موسلیم محەممەد، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پەیەدە بڕوای بە سازان و ژیانی سیاسی لە رۆژئاوادا نییە و لەبەر هەبوونی  بیری جیاواز، چەندین كەسی رفاندوون و تا ئێستایش چارەنووسیان دیار نییە، بۆیە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان داوای ئەوە دەكەن چارەنووسی ئەم كەسانە دیاری بكرێت".

بە گوتەی محەممەد، بە دەیان لایەنگر و هاوبیریان لە زیندانەكانی پەیەدەدان، ئەمە جگە لە ١٠ سەركردەیشیان، وێڕای ئەوەیش ئۆفیسەكانیشیان سووتاندوون، گوتیشی: "چەندین جارە داوا دەكەین چارەنووسی ڕفێنراوەكان دیاری بكرێت، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێكیان بۆ ئێمە و تەواوی ڕۆژئاوای كوردستان نییە".

ئەو دەشڵێ: "پەیەدە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوای تێك داوە و هیچ پڕۆژەیەكی نەتەوەییان پێ نییە، هەموو جارێكیش شكست دەهێنن و دەست بە گرتنی ئەندام و لایەنگرانمان و سووتاندنی نووسینگەكانمان دەكات".

بەپێی زانیارییەكانی ئەم سەركردەیەی ئەنەكەسە، دوای ئەوەی عەفرین كەوتە دەست توركیا، چەكدارانی پەیەدە ئەو سەركردانەی ئەنەكەسەیان لە زیندانەكانی عەفرین دەرهێناون و تا ئێستا نازانرێت چییان بەسەر هاتووە.

پەیەدە و ئەنەكەسە، لە ژێر چاودێریی سەرۆك بارزانی ڕێككەوتنێكی سیاسییان لە پارێزگای دهۆك واژۆ كرد بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی رۆژئاوای كوردستان، وەك چاودێرانیش دەڵێن، پەیەدە ئەو ڕێككەوتنەی جێبەجێ نەكرد و نەك تەنیا ڕێگەی نەدا ئەنەكەسە پشكداری بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوا بێت، بەڵكوو سەركردە و ئەندامەكانیش دەستگیر كران.

وەك سەركردەكانی ئەنەكەسە چەندین جار لە ڕێگای ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕایانگەیاندووە، پێویستە پەیەدە دەست لەم كارانە بەر بدات و تەواوی گەلی كورد لە سووریا پێكەوە لە پێناو مافەكانیاندا تێبكۆشن و مافیان لە دەستووری سووریای نوێدا هەبێت، كەچی پەیەدە ئامادە نییە مل بۆ ئەو داواكارییانە دابدات.

كـــاروان بـــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار