لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دهۆك، سێ بڕیاری دەركرد

دهۆك-KDP.info- لیژنەی باڵای ئەمنی لە پارێزگای دهۆك، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، چەكی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێتابلۆ قەدەغەیە و، داوایش لە هاووڵاتیان دەكات، لە پێناو پاراستنی ڕەوشی ئەمنی و سەروەریی یاسادا، لەگەڵ لایەنی ئەمنیی پەیوەندیداردا هاوكار بن.
لەو بەیاننامەیەدا، كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، جەخت كراوەتەوە كە، بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و سامانی هاووڵاتیان، ئەوانەی چەكی بێمۆڵەتیان هەیە، لێیان قبووڵ ناكرێت و پێویستە ڕادەستی حكوومەت بكرێت.
دەقی بەیاننامەی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای دهۆك:
پاش هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئەمنی و بەراوردكردنی لەگەڵ شوێنەكانی تردا، دیار بوو كە ڕەوشی ئەمنی لە سنووری پارێزگای دهۆك لە چاو شوێنەكانی تردا ئارام و سەقامگیرترە، بەڵام سەڕەرای ئەوەش لە 1-7-2017 بە سەرپەرشتی پارێزگاری دهۆك و ئامادەبوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، كۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای ئەمنی هاتە ئەنجامدان بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و سامانی هاووڵاتیان، كە بە رێكوپێكی ئەو خاڵانەی خوارەوە گفتوگۆیان لە بارەوە كرا و بڕیار درا:
یەكەم: لە رێككەوتی (1/7/2018 ) تاوەكو (16/7/2018) هەر كەسێك چەكی بێمۆڵەتی هەبێت، پێویستە مۆڵەتی چەك بەپێی مەرجی پێویست دەربكات و، هەڵگرتنی چەك بە شێوەیەكی بەرچاو و ناشارستانی قبووڵكراو نییە، بۆ ئەوەی قوربانیانی بەكارهێنانی چەك بە شێوەیەكی هەڵە نەمێنن، بۆیە هەر كەسێك چەكی لەلا بێ چ بێمۆڵەت بێ یان بۆ نیازی بازرگانی بێت، پێویستە ڕادەستی حكوومەتی بكات، بۆ ئەوەی خۆی لە كاری نایاسایی بپارێزێت و بە پێچەوانەوە بەرپرسیار دەبێت".
دووەم: بە هەر شێوەیەك بێت، نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێك بێتابلۆ بێت و، هەر ژمارەیەكیش لای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ پەسەند نەكرابێت، خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە بەرپرسیار دەبێت.
سێیەم: داوا دەكەین هەر كەسێك تاوانبار بێت و بڕیاری دادگا بۆ دەستبەسەركردنی هەبێت، بەپەلە خۆی ڕادەستی حكوومەت بكات و خۆی حەشار نەدات، چونكە خۆحەشاردان زیاتر كێشەكەی ئاڵۆزتر دەكات، هەروەها داوا لە خەڵكی خۆشەویستی خۆمان دەكەین هیچ تاوانبارێك لای خۆیان نەحەوێننەوە و بە زوویی ڕادەستی نزیكترین بنكەی پۆلیسیان بكەن.
لەكۆتایشدا داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی خۆمان دەكەین، هاوكار بن لەگەڵ لایەنی ئەمنیی پەیوەندیداردا لە پێناو پاراستنی ڕەوشی ئەمنی و سەروەریی یاسا لە ناوچەكەمان و، سوپاسگوزار دەبین بە پابەندبوون و هاریكاریی خەڵكی خۆشەویستی خۆمان و، رێكاری یاساییش لەگەڵ هەر سەرپێچیكارێكدا دەگیرێتە بەر".
لیژنەی باڵای ئەمنی لە پارێزگای دهۆك
نەشوان بەرزنجی




