جەعفەر ئێمینکی: پێویستە سەرکردەکان لە پەرلەمان بن

هەولێر-KDP.info- لە کۆنفڕانسی هاوبەشی مێری و سەنتەری توێژینەوەی پەرلەماندا، جەعفەر ئێمینکی ددانی نا بەوەدا کە، چونکە سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان تەوافوقییە و، تەوافوقیش وابەستەی ڕوانگای هاوبەشی سیاسییانەی لایەنە کوردستانییەکان، پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست ڕۆڵ ببینێ.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم پانێلی کۆنفڕانسەکەدا هەروەها گوتی، پڕۆژەیاسا یانیش گرفتێکی بچووک هەبێ لە پەرلەمان، هیچ کام لە فڕاکسیۆنەکان توانای جێبەجێکردن و بڕیاردانیان لەبارەیەوە نییە تا پرس بە لایەنە سیاسییەکەی نەکات، "هەڵبەت کە بێتو سەرکردەی حزبەکان خۆیان لە پەرلەمان بن، ئەوا دۆخی پەرلەمان جۆرێکی دیکە دەبێ، وەک چۆن لە خوولی یەکەمی پەرلەماندا هەندێک لە سەرکردەی حزبەکان لە پەرلەمان بوون، ڕوون بوو کە ئەدای پەرلەمانی کوردستان چۆن بوو."
جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی هەروەها گوتی، دەبوو سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان لەوەی هەیە گەورەتر بوایە تا کارەکانی جیددیتر و فراوانتر بوان، دەبوو باشترینەکانی بواری یاسا و ئاکادیمی و خەڵکی بیانییش ڕۆڵیان لە توێژینەوەکاندا بینبایە تا پەرلەمان کاریگەرتر بوایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئینستووتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە(مێری) و سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، لەژێر ناوی دەوڵەتسازی(بۆ سەروەرکردنی یاسا و بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستان) کۆنفڕانسێکی ساز داوە.
کۆنفڕانسەکە بە شێوازی مێزگردێکی فراوان ئەنجام دەدرێ و کۆمەڵێک پانێل لەخۆ دەگرێ. تێێدا ئەندامانی پەرلەمان و نوێنەرانی دەستەڵاتی دادوەری و بژاردەیەک لە کەسانی ئاکادیمی و پسپۆڕانی بواری یاسا بەشداری دەکەن.




