ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە و پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبنەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا لەبارەی چەند پرسێكی گرینگەوە كۆ ببنەوە، لەوانە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناچە كوردستانییەكان.
ماوەیەكە دۆخی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان تێك چووە و داعشیش جارێكی دیكە سەری ھەڵداوەتەوە و بەردەوام كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت، بۆیە داوا دەكرێت ھێزی پێشمەرگە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە.
شیلان جەعفەر، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا لەبارەی چەند پرسێكەوە كۆ دەبینەوە، لەوانە ئەو شەپۆلە گەرمایەی ڕووی لە ھەرێم كردووە و پێشمەرگە لە سەنگەرەكان پێویستیان بەوە هەیە زیاتر خزمەتیان بكرێت، لەگەڵ پرسی پاشەكەوتی مووچەی كەمئەندامانی سەنگەر و خانەنشینانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، كە ٥٠%ی مووچەكەیان پاشەكەوت دەكرێت، هەروەها خاڵێكی دیكە بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرەكانە كە ماوەیەكی زۆرە نەكراوە و، جگە لەوەش گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەت دەكەین لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەندین پرسی دیكەیش قسەیان لەسەر دەكرێت".
جەعفەر گوتیشی: "گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، خاڵێكی دیكە دەبێت كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا قسەی لەسەر دەكرێت، چونكە زۆر پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی بە خوێن ئەو ناوچانەی پاراستووە و ئێستایش دۆخیان تێك چووە، بۆیە پێویستە پێشمەرگە بگەرێتەوە، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن، ئێمەیش داوای ڕوونكردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین چ قۆناغێكیان بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، بڕیوە".
بڵند ئیبراھیم




