داعش چەند ڕۆژێکە بووەتەوه ھەڕەشهی جیددی.. بهغدا هێزی ڕهوانهی کەرکووک كرد

کەرکووک-KDP.info- دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشهممه، ھێزێکی گەورەی پۆلیسی فیدڕاڵی بە چەکی قورس تانک و زریپۆش و ھامەری سەربازییەوە گەیشتە نێو شاری کەرکووک؛ بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکان دەڵێ، زانیاریی ھەیە داعش کردەوەی تیرۆریستی لە نێو کەرکووک ئەنجام بدات و ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەممە، لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لیوایەکی پۆلیسی فیدڕاڵی ڕەوانەی شاری کەرکووک کراوە، ئەمەش دوای تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک دێت لە ڕۆژانی ڕابردوودا، تەنیا دوێنێ دوو ئۆتۆمبێڵی بۆمبڕێژکراو تەقیوەتەوە و داعش چەند چالاکییەکی ئەنجام داوە، بەغدا خۆی زانیاریی ھەیە لەسەر مەترسیی داعش بۆ سەر کەرکووک و دەوروبەری، چونکە ھەندێ ناوچەی کەرکووک ھیچ ھێزێکی ئەمنیی عێراقی تێدا نییە."
داعش چەند ڕۆژێکە بووەتە ھەڕەشەکی جیددی لەسەر کەرکووک و ھێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشی تیرۆریستی. بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک زانیاریی نوێی لەبارەی ھەڕەشەکانی داعشەوە بۆ سەر کەرکووک ئاشکرا کرد و دەڵێت: "بە پێی زانیاریی ھەواڵگەری، شانەکانی داعش بەنیازی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستین لە نێو شاری کەرکووک، حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیش ئەو زانیارییەی لەبەردەستە و ناردنی لیوایەکی پۆلیسی فیدڕاڵیش لەسەر ئەو بنەمایە بووە."
قەزای حەویجە لە سەرەتای ھاتنی ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە بووە بەشێک لە بەناو خەلافەتەکەی داعش و خەڵکی ناوچەکەش وەک بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن، ھاوکاری داعشەکانی سنوورەکەن، عەمید سەرحەد قادر ڕوونی کردەوە: "ڕاستە بە ھەزاران چەکداری داعش لە قەزای حەویجە خۆیان حەشار داوە و بە سەدان گوندی ناوچەکانی زاب و ڕەشاد و ڕیاز و عەباسییە پڕن لە چەکداری تیرۆریستی داعش، ھەروەھا لە ناوچەکانی دیکەی وەک قەزاکانی داقووق و دوبز و خورماتوو سەدان گوند لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدان و ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی تەنیا لە نێو سەنتەری شارەکاندایە و ناتوانن داعش لەنێو ببەن."
قائید میرۆ




