حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەكانی پەیماننامەی كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە بەشدار دەبێ
__2018_07_01_h15m59s1__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ڕۆژانی 1-5/7/2018 لە قاهیرەی پایتەختی میسر گفتوگۆكانی یەكەم ڕاپۆرتی خولی عێراق بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێ بە بەشداریی شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم.
لەبارەی كۆبوونەوەكانی پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافی مرۆڤ د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی شاندی عێراقدا كە پێك هاتووە لە چەندین وەزارەت و دەستەی پێوەندیداری حكوومەتی فیدراڵ لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدارن، ئێمەش وەك شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی دوایین لێكتێگەیشتنی نێوان بەغدا و هەولێر بەتایبەتی لەگەڵ هەردوو وەزارتی دەرەوە و داد، لە گفتوگۆكان و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكانی عێراق هەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی كارامان هەبێت و ئاستی حوكمڕانی لە هەرێم و تەحەدیاتەكان بخەینە ڕوو."
دیندار زێباری سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لەو گفتوگۆیانەدا گوتی: "لەم كۆبوونەوانەدا ئێمە چەندین تەوەری گرنگ دەخەینە ڕوو، وەك بەشداریكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكان، پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران، پاراستنی مافی ئافرەتان، ڕۆڵی یاسا، ئازادیی میدیا و ڕادەربڕین، مافی كرێكاران و كرێكارانی بیانی، مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت، پەروەردە و خوێندنی باڵا، قەڵاچۆكردنی ماددە هۆشبەرەكان، سزای لەسێدارەدان، ڕزگاركردن و هاوكاریكردنی قوربانیانی دەستی داعش، بەتایبەتی كوردانی ئێزدی."
شایەنی باسە ئەم كۆبوونەوانە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و لە بارەگای كۆمكاری عەرەبی لە قاهیرە دەبەسترێت و لەسەر ئاستی جیاجیا لە حكوومەتی فیدراڵی و كۆمكاری عەرەبی و بە ئامادەبوونی چەند بریكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵی و باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی كۆمكاری عەرەبی.




