دەزگای بارزانی و رێكخراوی وینگس ئۆف هێڵپ، رێككەوتننامەیەكیان واژۆ كرد

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی زیاتر بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتیی وڵاتانی ئەورووپا و دابەشكردنی هاوكارییەكان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەسەر لێقەوماواندا، رێككەوتننامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی وینگس ئۆف هێڵپی ئەڵمانیا واژۆ كرا.
رێككەوتی 30/6 رێكخراوی وینگس ئۆف هێڵپی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی فرانك فرانكێ، سەرۆكی رێكخراوەكە و، كارزان نووری بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێككەوتننامەیەكی لێكتێگەیشتن لەبارەی میكانیزمی كۆكردنەوەی هاوكارییەكان لە وڵاتانی ئەورووپا و گەیاندنیان بە هەرێمی كوردستان واژۆ كرا.
لە دەقی رێككەوتنەكەدا هاتووە: لایەنی یەكەم واتە رێكخراوە ئەڵمانییەكە، هەڵدەستێ بە كۆكركردنەوەی كۆمەكی زیاتر لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپا و گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ عێراق لە ڕێگای فڕۆكە یان وشكانی و دواتر لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هاوكارییەكان دابەش دەكرێن.
بەپێی رێككەوتننامە هاوبەشەكە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پابەند دەبێت بە دابینكردنی هاوكاریی لۆجستی و دیاریكردنی ستافی دابەشكردن و هەڵبژاردنی سوودمەندان لەناو كەمپەكاندا. هاوكات ئەم رێككەوتنە تا كۆتایی ساڵی 2019 بەكار دێت لەگەڵ ئەگەری نوێكردنەوە كە بە رەزامەندیی هەردوولا دەبێت.
شایەنی باسە رێكخراوی وینگس ئۆف هێڵپی ئەڵمانیا، لە رابردوودا چەندین كاروانی هاوكاریی مرۆیی گەیاندووەتە كوردستان و بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەر لێقەوماوان و ئاوارە و پەنابەراندا دابەش كراون.




