دوو تەقینەوە کەرکووکیان هەژاند و زیاتر لە20کەس بوونەتە قوربانی

کەرکووک-KDP.info- كاتژمێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دوو تەقینەوەی جیا جیا لە کەرکووک روویاندا، بەرێوهبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووکیش دهڵێ، بەھۆی دوو تەقینەوەكهوه زیاتر لە٢٠کەس بوونەتە قوربانی.
ئەفراسیاو کامیل، بەرێوهبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ دوو تەقینەوە لەشاری کەرکووک رویانداو بەوھۆیەوە 20کەس برینداربوونە و زیانی زۆری مادیش بەشوێنی تەقینەوەکان کەوتووە.
ئەفراسیاو کامیل گوتیشی، تەقینەوەیەک لەنزیک کۆگاکانی کەرکووک بووە و تەقینەوەی دووەمیش لەرێگەی تەقاندنەوەی پیکابێک بووە و کەسێکی خۆکوژی لەناو بووە و جلی پۆلیسی لەبەردابووە لەسەر رێگای بەغدا و دوای تەقینەوەکەش ھێزە ئەمنیەکان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکان.
بەھۆی بۆشایی ئەمنییەوە، ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە سنووری كەركووك دەستیان بە ھێرش و تەقینەوە كردووەتەوە، ھێزە سیاسییە كوردییەكانیش لە چەند رۆژی رابردوو ھۆشداریان لەبارەی دۆخی ئێستای كەركووك دا و داوا دەكەن بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان پێویستە ھەرچی زووە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە.
لە 16 ئۆكتۆبەری2017، بە بڕیاری حكوومەتی عێراق شاری كەركووك داگیركرا و ھێزی پێشمەرگە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كشایەوە، لەو كاتەوە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكه دروست بووە، بۆیە ئێستا جگە لە لایەنە سیاسییەكان، خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن.
بڵند ئیبراھیم




