پێشمەرگە و هاوپەیمانان گورزێکی هاوبەشیان لەبناری قەرەچووخ لە داعش دا

هەولێر-KDP.info- ھێزەکانی پێشمەرگە بە ھەماھەنگی ھێزی ھاوپەیمانان ئەمڕۆ لە بناری چیای قەرەچووخ بە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش گورزیان لە داعش وەشاند و ژمارەیەک تیرۆریست کوژران.
سەرچاوەیەکی سەربازیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ببرێ راگەیاند، "ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ھەماھەنگی ھێزی ھاوپەیمانان دوای کۆکردنەوەی زانیاری و دەستنیشانکردنی پێگەکانی داعش لە بناری چیای قەرەچووخی نزیک مەخموور توانیویانە چەند پێگەیەکی تیرۆریستانی داعش بکەنە ئامانج.
لەبارەی زیانەکانی چەکدارانی داعش ئەو ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، "سێ تەرمی داعش بینراون، بەڵام پێشبینی دەکرێت زیانی گەورەتر بە تیرۆریستانی داعش گەیشتبێت و ژمارەی چەکدارەکانیان لەوەی ھەیە زیاتر بێت.
سەرچاوەکە ئاماژەیشی دا، " ئەوە ماوەیەکە چەکدارانی داعش خۆیان کۆدەکەنەوە و ھەندێ شوێنی چیای قەرەچۆخیان وەک مۆڵگە بەکاردێنن، لەبەر ئەوەش پێشمەرگە و ھاوپەیمانان دەمێکە نیازی ئەوەیان ھەیە دەستی خۆیان لە تیرۆریستانی سنوورەکە بوەشێنن.
ئەمڕۆ بەیانیی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار زانیاری بڵاوکردەوە کە داعش لەو سنوورەدا جمۆجۆڵیان هەیە، ھێزێكی تیرۆریستیی مەترسیدارە، لەو سنوورەی مەخموور تا دەگاتە مووسڵ و حەویجە خۆی كۆ كردووەتەوە و نیەتی خراپی ھەیە، چونكە لە شارەدێی زاب، ناوچەی زۆر لەبار ھەن بۆ خۆحەشاردانی داعش و ھەمووی ناوچەی قامیشەڵانە و لەڕووی سەربازییەوە چەندی چەكدار ھەبن، دەتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە، چیای مەدحول ھەیە دەكەوێتە نێوان شارۆچكەی حەویجە و ناحیەی زاب، ھەرچی داعشی مەترسیدارە لەوێ خۆیان حەشار داوە و چەندین شێخی عەرەبی ناوچەكەیش دەستیان لەگەڵ داعشدا ھەیە."
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ بەیانی ئاشکرایشی کرد: "لەو ناوچانەی مەخموور كە لە ژێر دەستی ھێزە عێراقییەكاندان، داعش خۆی رێك خستووەتەوە و دەستی بە چالاكی كردووە، زیاتریش دەكەونە بناری چیای قەرەچووخ و شارەدێی باقرت، تا دەگاتە سنووری گەیارە و عەلیەڕەش، ئەو ناوچانە چەند پارێزگایەكی عێراق پێكەوە دەبەستنەوە وەك پارێزگای كەركووك و مووسڵ و تكریت، كە لەو سێگوشەیەدا داعش زۆر بووە".
زنجیرە چیای قەرەچۆخ دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شارۆچکەی مەخموور و بەشێکی زۆری چیاکە لەدەستی ھێزی پێشمەرگەدایە، بەڵام ئەو دیوی قەرچۆغ رووی دەکەوێتە مەخموور و بەھۆی لاوازی ھێزە عێراقییەکان بووەتە مۆڵگەی داعش.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشووتر سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ رایگەیاندبوو کە داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام هەر زوو ئەمەریکا لە وەڵامدا گوتی کە داعش هێشتا لە عێراق مەترسین و کۆتایی نەهاتووە، هاوکات هەرێمی کوردستانیش لەو کاتەدا وەڵامێکی خێراق هەبوو کە داعش هێشتا جێگەی مەترسین و لە عێراقدا کۆتاییان نەهاتووە.
لە ئێستادا زۆربەی شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان دەڵێن، کە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و بەتایبەت لە شنگالەوە تا کەرکووک و خورماتوو پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چونکە هێزە عێراقی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ناتوانن ناوچەکە سەقامگیر بکەن.
قائید میرۆ




