ئەنەکەسە وەک کیانێکی سەربەخۆ خۆی بۆ نووسینەوەی دەستوور ئامادە دەکات
__2018_06_27_h19m19s54__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرکردەیەکی ئەنەکەسە ڕایگەیاند، ئیدی ئەنەکەسە وەک کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ دەبێتە گرووپی حەوتەم لە ئیئتلافدا بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا.
موسلم محەمەد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پێشتر ئەنەکەسە لە نێو ئیئتلافی سووریادا پشکداری دەکرد، کەچی لەمەودوا وەک کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ پشکداری کۆبوونەوەکان دەکات بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریای نوێ."
شەلال گەدۆ، نوێنەری ئەنەکەسە لە ئیئتلافی نیشتمانیی سووریا (ئۆپۆزسیۆن)دا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو کۆبوونەوانەی ئیئتلاف لە کۆنگرەی ڕیاز کردیان، کۆبوونەوەی ئاساییی ئیئتلاف بوون ."
شەلال گەدۆ گوتیشی: "ڕەوشی گشتیی سووریا، بەتایبەت ئەو جەنگ و ڕووداوانەی لە درعا ڕوویان دا، وایان کرد ئۆپۆزسیۆنی سووریا داوایان لە کۆمەلگای نێودەوڵەتی کرد هەڕچی زووە بێنە سەر هێڵ و ئەو جەنگە بوەستێنن."
لەبارەی پرۆژەی ڕەشنووسی دەستووری ڕووسی، گەدۆ گوتی: "ئەو ڕەوشنووسە بەرهەمی کۆنگرەکانی ''ئەستانە''یە، کەچی ئەم ڕەشنووسە هی پێش ساڵیک زیاترە، بەڵام هەموو لایەنێک لە سووریا ڕەشنووسی خۆیان هەیە بە ''دیمستۆرا''ی دەگەیەنن، پاشان وڵاتانی زلهێز کاری لەسەر دەکەن."
گەدۆ ئاماژەیشی دا: "ئێستا ڕەوشی سووریا لە دەست خەڵکی سووریادا نییە، ئەوەی ڕەوشەکە کۆنترۆڵ دەکات، تەنیا ڕووسیا و ئەمریکایە، کەچی ئەو پڕۆژەیەی پێش ساڵێک ڕووسەکان پێشکێشیان کردبوو تا ڕادەیەک مافی کوردی تێدا چەسپێندرابوو."
لەبارەی ئەوەی کە ئێستا ڕەوشی ئەنەکەسە لە نێو ئۆپۆزسیۆندا چۆنە، گەدۆ گوتی: "لەمەودوا کورد وەک کیانێکی سەربەخۆ لە نێو ئۆپۆزسیۆندا جیگای گرتووە و لە کۆبوونەوەکانی ڕیازیشدا سێ سەرکردەی ئەنەکەسە پشکدارییان کردبوو."
کـــاروان بـــاعەدری




