٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نازم کەبیر: نابێت چەک لای ھیچ کەسێک بێت جگە لە ھێزە ئەمنییەکان

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  چەند ڕۆژێکە دەزگە ئەمنییەکانی پارێزگای ھەولێر دەستیان بە ھەڵمەتی داماڵینی چەکی بێمۆڵەت کردووە، وەک بەرپرسانی ئەمنی و پەیوەندیدار ئاماژەی بۆ دەکەن، ڕێگە نادرێت لەمەودوا کەس لە سەرووی یاساوە بێت و بەبێ مۆڵەت چەک ھەڵگرێت.

 

لەو بارەیەوە، نازم کەبیر، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕووی ئەمنییەوە ھەولێر و ھەرێمی کوردستان سەقامگیرن، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت ھەندێ حاڵەتی کوشتن و تەقەکردن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووی دا و کێشەکانیش زیاتر کۆمەڵایەتی و کێشەی کۆن بوون، لەبەر ئەوەش بڕیار دراوە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاراندا بکرێت و دەستی ھێزە ئەمنییەکان واڵایە بۆ ھەر لێپێچینەوەیەک."

 

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ڕووی یاساییەوە ھیچ بۆشاییەک نییە تا ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئێمەش وەک پەرلەمان چاودێری جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەبین، کە پەیوەندیدارن بە ڕاماڵینی چەک و سزادانی ئەوانەی بەبێ مۆڵەت چەک ھەڵدەگرن و خۆیان لە سەرەوەی یاسا دادەنێن."

 

تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە نێو شاری ھەولێر پەنجا کەس دەستگیر کراون و دەست بەسەر چەکێکی زۆریشدا گیراوە، ڕۆژانە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش خەریکی لێپرسینەوەن لە سەرپێچیکاران. نازم کەبیر گوتی: "بە پێی زانیاریی ئێمە، چەندین کەس دەستگیر کراون و دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیراوە، لەمەودوا ھەوڵ دەدرێت چەک لەلای ئەو کەسانەش نەبێت کە ئەندامی ھێزی ئەمنین و لەئەرکدا نین، چونکە پێویست ناکات کەس بەبێ دەوام و ئەرک چەکی پێ بێت."

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار