کاتژمێر ٧ی ئێواره ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ و ١٢ ڕادەگەیێندرێن

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ٧ی ئێوارە وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی ئاشکرابکات.
شۆرش غەفووری له ڕاگهیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردو رۆژنامەنوسان کاتژمێر ٧ی ئێوارە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلەکانی ٩ و ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا گوتی: "کارەکانی پشکنینی دەفتەری تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی تەواوبووە و بڕیارە لە ٢٧ی مانگە ئەنجامەکان رابگەیەنرێت".
ڕۆژی ٢٧ی ئایاری ئەمساڵ تاقیکردنەوە گشتییەکان بۆ پۆلە ئامادەییەکان دەستیپێکردو تاوەکو ڕۆژی ١٤ی حوزەیران بەردەوام بوو، ڕۆژی ٢٨ی ئایاریش تاقیکردنەوەی پۆلی ٩ی بنەڕەتی دەستیپێکرد و تاوەکو ڕۆژی ١١ی حوزەیران بەردەوامبوو.
لە ھەرێمی کوردستان ٢٣٤ ھەزار و ٨٤ قوتابی تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامدا، لەو ژمارەیەشدا ١٢٠ ھەزار و ١٢٠ یان قوتابی ئامادەییەکان و ١١٣ ھەزار و ٩٦٤ یان قوتابی نۆی بنەڕەتی بوون.
ئەم ساڵیش ئەنجامەکان وەک ساڵەکانی ڕابردوو لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە رادەگەیەندرێت، قوتابی لە ڕێگەی کۆدی تایبەت بەخۆی نمرەی وانەکان وەردەگرێتەوە.
ھەڵکەوت محەممەد




