٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لەسەر ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە ھەولێر پەنجا کەس دەستگیر کران"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ھۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی چەکی بێمۆڵەتیان ھەیە و سەرپێچیی یاسا دەکەن و دەشڵێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پەنجا کەس بەو ھۆیەوە دەستگیر کراون.

 

نەجیب موحسین، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێری بانگھێشت کرد لەبارەی زیادبوونی ڕێژەی تاوان و دیاردەی چەکھەڵگرتن بەبێ مۆڵەت. لە کۆبوونەوەی ئەنجومەندا بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ھۆکارەکانی ئاشکرا کرد، بەتایبەت بەشێک لە ڕووداوەکان پەیوەندییان بەو سوڵحەوە ھەیە کە لە نێوان ھاووڵاتیاندا کراوە و دواتر شکاندوویانە."

 

سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت: "دانیشتوانی ھەولێر دڵنیا دەکەینەوە ڕەوشی ئەمنیی ھەولێر پارێزراوە و ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت چەک ھەڵدەگرن و سەرپێچیی یاسا دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا پەنجا کەس دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر چەکێکی زۆری بێمۆڵەتدا گیراوە."

 

نەجیب موحسین ڕوونی کردەوە: "وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری ھەولێر و ھەموو بەرپرسانی ئەمنی و پەیوەندیدار بەشدارن لەو ھەڵمەتەمەدا و بڕیارە ھەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕاپێچی دادگا بکرێت و سزای یاسایی بدرێت، بڕیارەکەش ھەموو کەسێک بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە ھیچ کەسێک لە ھەر پلە و پۆستێکدا بەدەر نابێت لە یاسا."

 

سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ وەڵامی ئەوانەشی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکەن ڕەوشی ئەمنیی ھەولێر تێک چووە و گوتی: "تەنیا لە پشووی جەژنی ڕەمەزاندا ٢٥٠ ھەزار گەشتیاری بیانی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و زۆربەشیان سەردانی ھەولێری پایتەختیان کردوە و ڕەوشی ھەولێر ئارامە کەسێکیش بیەوێ یاساشکێنی بکات ئەوا لەمەودوا دەستی ھێزە ئەمنییەکان کراوەیە بۆ ھەر لێپرسینەویەکی یاسایی."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار