٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

١١ پەرلەمانتار پڕۆژیاسایەکیان لەبارەی کۆتا داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بە ئیمزای دوازدە پەرلەمانتار  پڕۆژەیاسایەک بۆ گۆڕانکاری لە کۆرسیی کۆتاکان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە و نوێنەرێکی کریستیانیش پێی وایە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕازی نابێت بە جیاکردنەوەی ھیچ پێکھاتەیەک.

 

پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کۆرسی پێک ھاتووە و ١١ کۆرسیی کۆتا؛ پێنج کورسی بۆ کلد و ئاشوور، پێنج کۆرسی بۆ پێکھاتەی تورکمان و کۆرسیەکیش بۆ ئەرمەن دیاری کراوە.

 

پڕۆژەیاساکە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەرز کراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و جگە لە یازدە پەرلەمانتارەکەی کۆتا، پەرلەمانتارێکی دیکەش ئیمزای لەسەر کردووە.وەحیدە یاقوو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمەش ئیمزامان لەسەر پڕۆژەکە کردووە، ھەرچەندە خۆم زۆر لەگەڵ ئەو بابەتە نەبووم، چونکە جیاکردنەوی ھەر پێکھاتەیەک لەسەر بنەمای ئایینی، یان مەزھەبی و نەتەوەیی کێشەی دیکە بەرھەم دێنێت و ئێستا کێشەیەک نییە بۆ دیاریکردنی کۆرسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان."

 

لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم پێکھاتەکان بە زۆرێک لە مافەکانیان گەیشتوون و بە شایەتیی وڵاتانی جیھان کوردستان بووەتە گۆڕەپانێکی ئارام لە ناوچەکەدا تا تێدا پارێزراو بن. وەحیدە یاقوو ڕوونی کردەوە: "تەنانەت ئەگەر نەتەوەیەکگرتووەکان بەو بابەتە بزانن قبووڵی ناکەن، چونکە ئەوان لەگەڵ جیاکردنەوەی نەتەوە و ئایین و مەزھەبدا نین، لەبەر ئەوەی حەساسییەت لە نێوان پێکھاتەکاندا دروست دەکات، منیش کە ئیمزام کردووە بۆ ئەوە بووە تا ھیچ لایەنێک ئەنجومەنی کلدانی ئاشووری سریانی بەوە تۆمەتبار نەکات حزبی سێبەرین و لەگەڵ بۆچوون و پڕۆژەی پێکھاتەکاندا نین، سەرنجی من لەسەر جووداکردنەوەی بنکەی دەنگدان و شێوازی بازنەی هەڵبژاردنە، ئەگەرنا لەسەر کورسی بۆ کۆتا ئەمە شتێکی رەوایە و سەرنجمان لەسەری نییە."

 

مەبەست لە ئامادەکردنی پڕۆژەکە ئەوەیە، تا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بە بازنەی جیاواز کورسیی کۆتا ھەڵبژێردرێت، واتە بۆ ھەر پێکھاتەیەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن ھەبێت و پێکھاتەکان لە ڕێگەی بنکەی تایبەت بە خۆیانەوە دەنگ بە نوێنەرەکانیان بدەن.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار