مەسروور بارزانی: پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان بە هەماهەنگی بەڕێوە بچێت

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگی گشت لایەنە پێوەندیدارەکان بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ 26/6/2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال وۆلتر پایێت جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی نێوان هێزه پەیوەندیدارەکان و روبهڕوبوونهوهی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.
مەسروور بارزانی، وێڕای جهختكردنهوه له بایهخ و گرینگی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ رێگریكردن له جموجۆڵ و روبهڕوبوونهوهی ههڕهشهكانی تیرۆریستان، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگی گشت لایەنە پێوەندیدارەکان بەڕێوە بچێت.
لە بەرامبەردا جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان، ههماههنگیی نێوان هاوپهیمانان و پێشمهرگهی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بهرز نرخاند و دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.




