شێخ جەعفەر: دۆخەكە خراپە و خراپتریش دەبێت، داعش بە ئاشكرا شەڕ دەكەن

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی، باس لە رەوشی خراپی ئەمنیی هەندێك ناوچەی گەرمیان دەكات و دەڵێت: "داعش دەستی بە جووڵە كردووە و لە هەندێك شوێن بە ئاشكرا بنكەی سەربازییان هەیە و شەڕ دەكەن".
تا دێت دۆخی ئەمنیی خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپە و سەعدییە خراپتر دەبێت و، داعش بە ئاشكرا هەڕەشە لە ئەمنییەتی ناوچەكە دەكات، رۆژانەیش حاڵەتی تیرۆر و رفاندن و كوشتنی هاووڵاتیان تۆمار دەكرێت و لە هەندێك شوێنیش ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە عێراقییەكان و داعشدا هەیە، ئەمەیش وای كردووە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە تووشی ترس و دڵەراوكێ ببن و بەشێكیشیان ئاوارەی ناوچەكانی كەلار و دەربەنیخان بوون.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "دۆخەكە خراپە و خراپتریش دەبێت، سوپای عێراق هێزی هێناوەتە ناوچەی (ئیمام وەیس) لە دیالە، بڕیاریشە هێز بۆ دەوروبەری خانەقین بجووڵێنن، یەكێك لە ئامانجەكانیشیان ئەوەیە كە لیوای سێی پێشمەرگە كە لە ناوچەكەیە، نەچنەوە شوێنی جارانیان، دۆخەكەیش بە جۆرێكە كە مەترسی كەوتووەتە سەر لە جەلەولا و قەرەتەپە و سەعدییە و داعش شەڕی ئاشكرا لەگەڵ سوپای عێراق دەكات، بە ڕۆژ شەڕە هاوەن و بیكەیسییە و بە شەویش شەڕی دەشتایی و مۆڵگەكانە، بۆیە مەترسی لەسەر ناوچەكە هەیە".
شێخ مستەفا گوتیشی: "سوپای عێراق تا هێرشی نەكرێتە سەر، شەڕ ناكات، چونكە بە لایەوە گرینگ نییە، ئەوەی ماڵوێرانیی بۆ ماوەتەوە، خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەن".
بە گوتەی بەرپرسی لقی 15ی خانەقین: "پێشمەرگە لە سنووری (ساڵ ئاغا و سەوزبڵاغە)، تا ئێستا هیچ پێشڕەوییەكی نەكردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت لە ئامادەباشیدا بین بۆ هەر ئەگەرێك، چونكە داعش لە نزیك سنووری پێشمەرگە چالاكیی هەیە و سوپای عێراقیش لەو ناوچانەدا كەمتەرخەمە".
دەشڵێت: "لە هەندێك ناوچەدا گوشارێكی زۆری ئەمنی هەیە، ئەگەر بە پەلەیش فریای ئەو ناوچانە نەكەون، مەترسیی گەورەتر دروست دەبێت".
كارزان سەباح




