٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرچاوەیەک: داعش و ھێزە عێراقییەکان ناوچە کوردستانییەکانیان کردوونەتە ئامانج

سەرچاوە: KDP.info

 

کەرکووک-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ، ھێزە عێراقییەکان ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان ناپارێزن، دەیانەوێ کورد چۆڵی بکەن و عەرەبی ھاوردەی بۆ بێنن.

دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە، جارێکی دیکە جموجۆڵی داعش دەستی پێکردووەتەوە و ھێرش دەکەنە سەر گوندەکان، بە تایبەت لە سنووری داقووق  تاوەکو ئێستا چەندین کەسیان رفاندوون و چەندانیشیان کوشتوون. شەوی رابردوویش داعش ھێرشی کردووەتە سەر گوندێکی دیکەی کاکەییان و کەسێکیان کوشتووە و یەکێکی دیکەشیان بریندار کردووە.

ئازاد جەباری، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، ناوچەی کاکەییەکانیان فەرامۆش کردووە و پارێزگارییان لێ ناکەن، بە هۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەشەوە کاکەیی بوونەتە ئامانجی داعش. هەڵبەت حکوومەتی عێراق نایەوێت کورد لەو ناوچانە بمێنێت، بۆیە ئێستا لە ترسی ئەو ھەڕەشانە کاکەییەکان کۆچ دەکەن ".

ئازاد جەباری دەربارەی ئەو هێرشەی شەوی رابردوو داعش کردوویەتییە سەر گوندی عەلی سەرای کاکەییەکان، زانیاریی دا و گوتی، کە کەسێکیان کوشتووە و دووانی دیکەشیان رفاندوون.

ئەو جەخت دەکاتەوە، مەبەستی ھێزە عێراقییەکان لە نەپاراستنی ناوچە کوردستانییەکان ئەوەیە، کە چۆڵ بکرێن و دواتریش عەرەب ببرێنە شوێنیان، "جیا لەوەی کە نایانپارێزن، هێزە ئەمنییەکان خۆیان دەچنە سەر گوندەکان و لە ھەر ماڵێک چەک ھەبێت لێیان دەستێنن، بۆ ئەوەی  نەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بۆیە ئێستا لە گوندەکانی کاکەیی تەنھا گەنجەکان ماون و ئەوانەی دیکە ئاوارە بوونە."

لای خۆیشییەوە سەرچاوەیەک لە کەرکووک کە پێی باش نەبوو ناوی ببرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە سنووری داقووق و لە گوندەکانی کاکەییەکان، حەشدی شەعبی کشاوەتەوە و داعشیان لەو ناوچانە بەرداوە و ئەوانیش کورد دەکەنە ئامانج.
سەرچاوەکە دەڵێ، نە خۆیان ناوچەکە دەپارێزن و نە رێگایش بەھێزی پێشمەرگە دەدەن بگەڕێتەوە تا کورد و پێکهاتەکانی دیکە بپارێزێت، "ئێمە لێمان پرسیوون بۆ ئەوان ناپارێزن، باسیان لەوە کردووە کە رێگاوبانی ناوچەکە خۆش نییە و ناتوانن لە ناوچەکە بن، بەڵام بە ڕای من رێککەوتنێک لەنێوان حەشد و داعش ھەیە کە ئەوان بکشێنەوە و داعش بێتە ناوچەکە بۆ ئەوەی کورد دەربکەن و دواتر تەعریبی بکەن."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار