حكوومه‌تی عێراق له وه‌ڵامی مانگرتووانی خانه‌قیندا هێزی دیجله‌ی ڕه‌وانه كردووه
__2018_06_25_h19m43s21__HK.jpg)
خانه‌قین-KDP.info- دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو خه‌ڵكی خانه‌قین به هۆی تێكچوونی دۆخی ئه‌منییەوە بۆ ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژ مانگرتنیان ڕاگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خانه‌قین، حكوومه‌تی عێراق له وه‌ڵامی مانگرتوواندا هێزی دیجله‌ی ناردووه بۆ خانه‌قین، كه ئه‌وهێزه به دژی كورد ناسراوه و جگه له‌وه‌ش، به‌ڕێوبه‌رێكی كوردی له پۆسته‌كه‌ی دوور خسته‌وه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو خه‌ڵكی خانه‌قین به هۆی تێكچوونی دۆخی ئه‌منی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كردن له خه‌ڵكی گونده‌كان و چۆڵكردنی گونده‌كان، مانگرتنیان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژ ڕاگه‌یاند و داوایان كرد، پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌كه. له‌م باره‌یه‌وه، ڕه‌فعه‌ت موراد ئاغا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خانه‌قین، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دوای مانگرتنه‌کەی هه‌فته‌ی ڕابردوو، دوێنی شاندێكی قه‌زای خانه‌قین، كه له به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند و قایمقام و بەڕێوبه‌ری پۆلیسی خانه‌قین پێك هاتوون، له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی كوردەوە سه‌ردانی دیاله‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌وان له‌جیاتی وه‌ڵامدانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ خانه‌قین، دوو فه‌وجی هێزی دیجله‌یان ناردووه بۆ خانه‌قین، كه ئه‌و هێزه پێش چه‌ند ساڵێك به هۆی ئه‌وه‌ی دژایه‌تیی كوردی ده‌كرد ڕێگه‌ی پێ نه‌درا بێته خانه‌قین، ئێستا حكوومه‌تی عێراق جارێكی دیكه بۆ خانه‌قینی ناردووه."
ڕه‌فعه‌ت موراد ئاغا گوتیشی: "حكوومه‌تی عێراق داواكاریی كورد جێبه‌جێ ناكات، بۆیه بڕیاره له‌م هه‌فته‌یەدا خۆپیشاندانێكی گه‌وره له خانه‌قین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ساز بكرێت، چونكه دۆخی ئه‌منیی خانه‌قین زۆر خراپه."
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به پێی نووسراوێك به بڕیاری فه‌یسەڵ عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی دیاله به‌ڕێوەبه‌ری پۆلیسی نه‌هیشتنی تاوانه‌كانی خانه‌قین، فه‌رهاد ڕه‌فعه‌ت له پۆسته‌كه‌ی دوور خراوه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی دیاری بكرێت و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورده و كه‌سێكی دیكه له شوێنی ئه‌و به‌وه‌كاله‌ت دانراوه.
كه‌مال ئیبراهیم، به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له قه‌ره‌ته‌په، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داعش بووەته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر جیددی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه و ڕۆژانه هه‌ڕه‌شه له خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت كورده‌كان، کە دەبێ گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌ن. ته‌نیا له سنووری ئێمه شه‌ش گوند چۆڵ كراون. من سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵكه‌م كردووه، باس له‌وه ده‌كه‌ن تاوه‌كو پێشمه‌رگه نه‌گەڕێته‌وه بۆ ناوچه‌كه ئەوانیش ناگه‌ڕێینه‌وه بۆ گونده‌كان، چونكه خۆیان پارێزگاری له خۆیان ده‌كه‌ن و هێزه عێراقییه‌كان نایانپارێزن."
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه، كازم بیرۆڵی، كه‌سایه‌تیی دیاری خانه‌قین، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "داعش به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو جموجووڵی زیادی كردووه و بووەته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خانه‌قین، چونكه ته‌نیا له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام دراون و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی بوونه‌ته قوربانی و شه‌وانه بازگه بۆ ده‌ستگیركردنی خه‌ڵك داده‌نێن، بۆیه پێویسته چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه بكرێت و ناكرێت بێده‌نگ بین."
بیرۆڵی باسی له‌وه‌ش كرد: "حكوومه‌تی عێراق هه‌ر هێزێك ڕه‌وانه‌ی خانه‌قین بكات ناتوانێ چاره‌سه‌ری دۆخی ئه‌منی بكات، چونكه جگه له پێشمه‌رگه هیچ هێزێك توانای پاراستنی ئه‌منییه‌تی خه‌ڵكی خانه‌قینی نییه، بۆیه 95%ی خه‌ڵكی خانه‌قین داوا ده‌كه‌ن پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌من و ئه‌مان جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌وڵه‌كانی خه‌ڵكی خانه‌قین به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كو پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه."
هه‌ر دوێنێ به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دوای مانگرتنه‌كه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قین هه‌ڕه‌شه‌ی داعش بۆ سه‌ر خه‌ڵكی خانه‌قین چڕتر بووەته‌وه و داعش به شه‌و چوونه‌ته سه‌ر نزیكه‌ی 20 گوند و نامه‌یان بۆ فڕێ داون و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كردوونه، ئه‌گه‌ر گونده‌كان چۆڵ نه‌كه‌ن، ده‌یانكوژن."
به گوته‌ی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ڕۆژ به ڕۆژ ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له سنووری خانه‌قین له‌زیادبووندایه كه ئێستا مه‌زه‌نده ده‌كرێت ژماره‌یان بگاته 500 چه‌كدار.
بڵند ئیبراهیم




