"فه‌رمانی گۆڕانكاریی زیاتر له 60 پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌رچووه"
__2018_06_24_h15m26s54__ER.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی ئۆپراسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانی گۆڕانكاریی زیاتر له 60 پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی ده‌ركردووه و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ش گشتاندنی كردووه و ئێستا ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت.
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا پرۆژه‌یه‌كی چاكسازی ئاماده كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جێبه‌جێ بكرێت و ئێستا پڕۆژه‌كه له بواری جێبه‌جێكردندایه و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاره گۆڕانكاری له كۆمه‌ڵێك پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا بكرێت.
لیوا قاره‌مان كه‌مال، جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی ئۆپراسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: " ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانی گۆڕانكاریی زیاتر له 60 پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی ده‌ركردووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌وه‌كاله گشتاندنی كردووه بۆ جێبه‌جێكردنی و ئێستا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی كراوه و كۆمه‌ڵێك به‌رپرس گۆڕدراون و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌گۆڕدرێن."
له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانیشەوە، لیوا قاره‌مان كه‌مال گوتی: "گۆڕانكارییه‌كان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و یه‌كه‌كانی 70 و 80 كراون، كه هه‌ندێك به‌رپرسی وه‌زاره‌ت چوونه‌ته یه‌كه‌كانی 70 و 80 و هه‌ندێ به‌رپرس له‌و دوو یه‌كه‌یەوە هاتوون بۆ وه‌زاره‌ت و هه‌ندێكیش له ناو وه‌زاره‌ت گۆڕانكاری كراون."
كه‌مال باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و پۆستانه‌ی كه گۆڕانكاریشیان تێدا كراوه، گرنگترینیان جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی كاروباری ئیداره و میره و چه‌ندین به‌ڕێوبه‌ری گشتی و چه‌ندین جێگری به‌ڕێوبه‌ری گشتی و ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی لیواكان گۆڕانكارییان تێدا كراوه و ژماره‌یه‌ك پۆستیش له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ماوه و بڕیاره به زووترین كات فه‌رمانی ئه‌وانیش ده‌ربچێت."
به پێی زانیارییه‌كانیش ئه‌و پۆستانه‌ی ماوه كه بڕیاره ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانیان بۆ ده‌ربكات، گرنگترینیان ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و جێگری سه‌رۆكئه‌ركانی ئۆپراسیۆنه‌كانە.
بڵند ئیبراهیم




