٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مەحموود عوسمان: كێشه‌كانی كورد حیزبی نین.. یەكڕیزی، بەهێزترین كارته‌

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێت، یەكڕیزی بەهێزترین كارتی كورد دەبێت لە بەغدا و، دەبێت كورد بچنە نێو ئەو هاوپەیمانیەتییەی كە زیاتر پشتیوانیی كورد و مافەكانی كورد دەكات و پابەندی دەستوور دەبێ.

هەمیشە لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق،  بەڵێنی پێدانی مافەكانی كورد و جێبەجێ كردنی دەستووریان داوە، بەڵام نەك ئەوەیان نەكردووە، بەڵكوو دژی دەستكەوتەكانی كوردیش ڕاوەستاون، ئێستایش ماوەی مانگ و نیوێك بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و هێشتا حكوومەت پێك نەهاتووە و پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش كۆتایی نەهاتووە، لایەنە براوەكانیش سەرقاڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتین، بەڵام لایەنە كوردستانییەكان تاوەكو ئێستا نەچوونەتە نێو هیچ هاوپەیمانیەتییەكەوە.

سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سیاسیی كورد، د. مەحموود عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بۆ چوونە نێو هەر هاوپەیمانیەتییەك، كورد دەبێ بە یەكگرتوویی بچێتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ لایەنەكان قسە بكەن، بۆ ئەوەی بچنە نێو ئەو هاوپەیمانیەتییە كە زیاتر پشتیوانیی كورد و مافەكانی كورد دەكات و پابەندی دەستوور دەبێ، بێگومان كوردیش پێویستە لەگەڵیان بێت و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی كار بكات".

مەحموود عوسمان ئاماژەیشی دا، "خاڵی بەهێزی كورد لە بەغدا، یەكگرتنی كورد و پەنابردنە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور كە شتی باشی تێدایە بۆ كورد، دەبێ هەموو لایەنە كوردستانییەكان بەیەكەوە بن لە بەغدا، چونكە ئەگەر بەیەكەوە نەبن، هیچ سوودی نابێ. ئەگەر تەماشا بكەین لە بەغدا ئەو كێشانەی كورد هەیەتی، هیچیان حیزبی نین و گشتین".

وەك ئەو سیاسەتمەدارە گوتی، "پەڕلەمان بە تەنیا هەموو شتێكی پێ ناكرێت و دەبێت ئەمجارە حكوومەتی هەرێم و وەزیرەكان و حیزبەكان و سەرۆككۆمار ئەگەر بۆ كورد بێ، وەكو یەك تیم كار بكەن و چییان پێ دەكرێ بیكەن بۆ كوردستان نەك تەنیا پەڕلەمانتار".

عوسمان گوتیشی، "بوونی لایەنی سێیەم لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتدا پێویستە بۆ كورد و دەبێ پێداگری لەسەر بكات، وەك یوئێن و نەتەوەیەكگرتووەكان و هەر لایەنێكی تر بێت، هەر چەندە پێشتریش لەلایەن كوردەوە داوا كراوە، بەڵام بەغدا ڕەتی كردووەتەوە".

 

 نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار