داعش مەترسی بۆ سەر قەزای دوبز دروست کردووە"
__2018_06_20_h15m37s48__ER.jpg)
دوبز -KDP.info- بەرپرسێکی کورد لە قەزای دوبزی کەرکووک ئاشکرای کرد، چەکدارانی داعش لە دوبز دەستیان بە چالاکی کردووە و ژمارەیەکی زۆری چەکداری پاشماوەی داعش ئێستا لە نێو ڕیزەکانی حەشدی عەشایەرین و لە کاتی پەیدابوونی دەرفەت دەستی خۆیان لە ھێزە عێراقییەکان دەوەشێنن.
لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبز بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کاتی پڕۆسەی داگیرکەریی قەزای دوبز و ھاتنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵیدا بۆ ناوچەکە، ھێزەکانی پێشمەرگە لەو سنوورە کشانەوە، ھێزە عێراقییەکان نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکەن و بچنە نێو گوندە عەرەبەکانەوە، لەبەر ئەوەش، ئەو چەکدارانەی پاشماوەی داعش کە لە سنوورەکە مابوون دەستیان بە جووڵە کرد، دواتر حەشدی عەشایەری دروست کرا و بەشێک لەو داعشانە چوونە نێو ڕێزی حەشدی عەشایەرییەوە."
عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای دووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە وردی چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری دوبز دەکەین، بەڵام کێشە ئەوەیە گرووپی تیرۆریستیی داعش پەرتوبڵاو بووە و ژمارەیان نازانرێت، ئێستا دەستیان بە جووڵەی زیاتر کردووە و بە شێوەی مەفرەزەی پارتیزانی بڵاو بوونەتەوە، ھەر مەفرەزەیەکیش لە پێنج تا دە چەکدار پێک ھاتووە."
وەک شارەزایەکی ئەمنی ڕوونی دەکاتەوە، پاشماوەی گرووپی داعش لە سێگوشەی سوننەنشین کۆ بوونەتەوە و بنبڕکردنیان کارێکی ئەستەمە. ئازاد ئەبووبەکر، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کێشەی سەرەکی ھەبوونی ئەو چەکدارانەی داعش لە سنووری دوبز و سەرگەڕان و حەویجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەیان خەڵکی ناوچەکەن و بەئاسانی ناناسرێنەوە، ھێزە عێراقییەکانیش شارەزاییی ئەوتۆیان لە ناوچەکە نییە، ئەوانەش ھۆکارن بۆ ئەوەی چەکداری داعش بمێنن."
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پاشماوەی داعش لە ناوچەکانی دوبز و حەویجە و دەوروبەری چیای قەرەچۆخ جێگیر بوونە و ڕۆژانە چالاکی ئەنجام دەدەن، ھەرچەندە زانیاری دروست بەردەست نییە کە ژمارەی ئەو داعشانەی ماون چەندە، بەڵام زانیاریمان ھەیە ھەموویان داعشی ناوچەکەن و لە لایەن دادگا و ھێزە ئەمنییەکانەوە داوا کراون، کە ناتوانن خۆیان ڕادەست بکەنەوە و دەستیان داوەتە چالاکیی پارتیزانی، ھێزە عێراقییەکان لەو سنوورە نین کە داعش کردوویەتی بە ھێلانەی خۆی، ئەوەش وای کردووە زیاتر گەشە بکەن."
لەبارەی مەترسیی بەھێزبوونی داعش بۆسەر قەزای دوبز، عەقید ھێمن ساڵح ئاشکرای کرد: "داعش ھەمیشە مەترسییە بۆسەر ئەو سنوورە، چونکە ھێزە عێراقییەکان لاوازن و لە بەرامبەر جووڵەی داعش و لە ھەندێ گوندی سنوورەکە بە خێزانەوە چەکداری داعش نیشتەجێ بوونە، بەڵام کێشەی داعش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناحیە، یان قەزایەکی سنوورەکە لەوەدایە، ناتوانن تێیدا بمێننەوە، ئەگەر توانای بەرگرییان ھەبێت بۆ مانەوە دەتوانن لە ھەر دەرفەتێکدا دەست بەسەر شارۆچکەیەکدا بگرن."
ئازاد ئەبوبەکر نھێنیی زیادبوونی چالاکیی داعشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشکرا کرد و پێی وایە: "تا حکوومەتێکی نوێ لە عێراق دروست نەکرێت و پلانی ئەمنی نەبێت، ئەوە پاشماوەکانی داعش بۆ وەشاندنی دەستی خۆیان لە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی کەڵک لەو بۆشاییە سیاسییە وەردەگرن، کە ئێستا عێراقی تێ کەوتووە."
قائید میرۆ




