٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: ئەمساڵیش نزیکەی ٦ هەزار کەس ئاوارەی هەرێم بوونە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دیندار زێباری دەڵێ، ژمارەی ئاوارەکان لەزیادبوونە بە هۆی ململانێی تائیفی، بوونی میلیشیاکان و مەترسیی بوونی تیرۆریستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ـوە نزیکەی ٦ هەزار کەس ئاوارەی هەرێم بوونە.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پابەندبوونی بە بنەما نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپ و بەهاکانی مافی مرۆڤ بەردەوام پەناگەی ئارام بووە بۆ خەڵکی لێقەوماو و دەرگای کراوەبووە بە ڕووی ئاوارە و پەنابەراندا بە هەموو پێکهاتە ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەییەکانەوە لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ. هاتنی بەلێشاوی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران وای کردووە کە ژمارەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٣٢% زیاد بکات و بەمەش حکوومەتی هەرێم کەوتووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە. بە پێی دواین ئامارەکان ڕێژەی پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٢٤٢ هەزار، پەنابەرانی باکوور 21 هەزار، ڕۆژهەڵات 13 هەزار و کۆی گشتییان گەیشتووەتە زیاتر لە 277 هەزار کەس. ئێستاش زیاتر لە ملیۆنێک و سەد هەزار ئاوارەمان لە هەرێم هەیە کە پێک دێن لە پێکهاتەی برا عەرەبەکان، کوردانی ئێزدی، مەسیحی، کاکەیی، شەبەک و پێکهاتەکانی دیکە.

 

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێم هیچ کات سیاسەتی ئەوەی نەبووە بە زۆر ئەم ئاوارە و پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە شوێنەکانیان و بە هیچ شێوەیەک ناچار بەم کارەی نەکردوون، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵی جیددی داوە بۆ دابینكردنى پێداویستییە مرۆییەکان بۆیان و پاراستنی سەرجەم مافەکانیان لە هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە ئەگەرچی خۆی فشارێکی زۆری لەسەر بووە. شایانی ئاماژەپێکردنە ئەوانەی لە مانگی ئایاردا بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە ڕێژەکەیان 2055 کەسە".

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی تێچووی خەمڵێنراو بۆ دابینكردنى پێداویستیی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری و مرۆییی ئاوارەکان و پاراستنی سەرجەم مافەکانیان لە هەرێمی كوردستان بریتییە لەملیارێک و 988 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا. تێچووی دابینکردنی پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی هەر ئاوارەیەك، وەکو شوێنی حەوانەوە، ئاسایش، ئاو و پاکوخاوێنی، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانیکەمپەکان دەکاتە 5 ملیۆن و 550 هەزار دۆلاری ئەمریکی. ئێستا ژمارەی کەمپەکان ٣٩ کەمپە، کە ٩ کەمپیان تایبەتە بە پەنابەران و ٣٠ کەمپیش بۆ ئاوارەکان.

 

ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لەزیادبوونە بە هۆی ململانێی تائیفی، بوونی میلیشیاکان و بوونی شانەی نووستووی تیرۆریستان بەتایبەت لە هەندێک لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم وای کردووە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ڕوو لە هەرێم بکەن و ئەوانەی لێرەشن نەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. بۆ نموونە، هەر لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨دا 592 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە، کە زۆرینەیان لە مووسڵەوە هاتوون، هەروەها لە مانگی ١ی ٢٠١٨ـەوە تا ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 5981 کەس.

 

سەبارەت بە دابینکردنی هەلی کار بۆ ئاوارە و پەنابەران ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "حكوومەتى هەرێم، سیاسەتێکی بۆ سەرجەم ئاوارە و پەنابەران پەیڕەو کرد لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ، ئەوەش پێدانی مۆڵەتینشینگە و کارکردن بوو. ئەوەش بووە هۆکارێک بۆ ڕەخساندنی دەرفەتى كاركردن بۆ ژمارەیەكى زۆرى ئاوارە و پەنابەر و ئامارێکی دڵخۆشکەری ڕێژەی کاری بەرهەم هێنا، کە ٦٣،٥ ٪ى ئاوارەكان و ٨٧،٩ ٪ى پەنابەرانى سووریا،ئەوانەى دەتوانن كار بكەن، كار دەكەن و داهاتێک وەدەست دەخەن لە ناو و دەرەوەى كەمپەكان".

 

لە درێژەی قسەکانیدا زێباری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی یوئێن هاوکار بوونە بۆ باشترکردنی ڕەوشی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران، بەڵام کێشەکە لەوەدایە مانەوەی ئەم ژمارە زۆرە ئاوارەیە و زیادبوونی خێراى ژمارەی دانیشتوان بە هۆی هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرانەوە حکوومەتی هەرێمی خستووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە و ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ئەم ڕەوشە ببێتەوە، بۆیە داوا دەکەین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران زیاتر بکەن، بەتایبەتی لە ڕووی دابینکردنی پێداویستیی تەندروستی و پەروەدە و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان".

 

هەواڵی پەیوەندیدار