حه‌شدی شه‌عبی هاووڵاتییه‌كی شه‌به‌كی كوشت و یه‌كێكی دیكه‌شی ڕفاندووه

هه‌ولێر-KDP.info- پاش ده‌ستگیركردنی له لایه‌ن لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، ته‌رمی هاووڵاتییه‌كی شه‌به‌ك له ده‌ڤه‌ری تی‌س خه‌راب دۆزروه‌ته‌وه و، یه‌كێكی دیكه‌ش له لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوەوە ڕفێندراوه، نوێنه‌ری كۆتای شه‌به‌كیش له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ، گومانمان له حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه ئه‌و كاره‌ی كردبێت.
له مووسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له گرتن و كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌كردن له پێكهاته‌كان به‌رده‌وامن، وه‌كچۆن له كه‌ركووك و خورماتوویش گه‌نجانی كورد ئازار و ئه‌شكه‌نجه ده‌ده‌ن.
غه‌زوان داوودی، نوێنه‌ری كوردانی شه‌به‌ك له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای مووسڵ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "شه‌وی ڕابردوو هاووڵاتییه‌كی كوردی شه‌به‌كی سوننه له به‌رتله به شێوه‌یه‌كی دڕندانه كوژراوه، له مووسڵیش له گەڕه‌كی قادسییه چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی كوردی شه‌به‌كی سوننه‌یان ڕفاندووه، كه به ناوی هه‌واڵگری چوونه‌ته سه‌ر ماڵی ئه‌و هاووڵاتییه."
ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان زانیاریی هه‌یه، كه ئه‌و هاووڵاتییه شه‌به‌كه‌ی به‌و شێوه درندانه‌یه كوژراوه، ناوی حوسێن حه‌ڕوش ئه‌مینه و خه‌ڵكی گوندی باسخره‌ی سه‌ر به به‌رتله‌یه، له ناوچه‌ی نه‌بی یوونس له به‌ری چه‌پی مووسڵ له لایه‌ن لیوای ٣٠ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌ستگیر كراوه، له هه‌مان ڕۆژدا له ناوچه‌ی تی‌س خه‌راب ته‌رمه‌كه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه.
حوسێن هه‌ڕوش ئه‌مین، له كاتی هێرشی داعش بۆ ناوچه‌كه، ٦٠ ڕۆژ له ه‌برتله ده‌مێنێته‌وه، پاشان خۆی ده‌رباز ده‌كات و له هه‌ولێر ده‌گیرسێته‌وه، پاش ڕزگاركردنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵیش ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه‌ی خۆی.
غه‌زوان داوودی له‌باره‌ی ئه‌و تیرۆر و ده‌ستگیركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانانه‌ی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه ده‌ڵێ: "هه‌ڵمه‌تێك هه‌یه دژی شه‌به‌كی سوننی له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كورد له‌و ناوچانه نه‌ماوه، بۆیه ژیانی شه‌به‌ك له‌و ناوچانه له ئارامیدا نییه و له مه‌ترسیدایه."
هاوكات مه‌لاسالم شه‌به‌ك، كه نوێنه‌ری كوردانی شه‌به‌ك له په‌رله‌مانی عێراق، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تاوه‌كو داعش هه‌بوو زوڵمی لێ ده‌كردن، ئێستایش حه‌شدی شه‌عبییه، چونكه هیچ یاسا و قانوونێک نازانن، بۆیه پێویسته حه‌شدی شه‌عبی ده‌ربكرێن و هێزی هاوبه‌شی سوپا و پێشمه‌رگه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه."
بڵند ئیبراهیم




