٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیكای پارێزەران: بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاری دا دەنگی ئاوارەكان و دەرەوە و تایبەتی ھەرێمی كوردستان ھەڵوەشێنێتەوە، چەندین پارتی سیاسی، لەوانە یەكێتی و پارتی، لە دادگای فیدراڵی تانەیان لەو بڕیارەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دا. سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستانیش  دەڵێ، ئەگەر دادگای فیدراڵی بە مەنتیقی وەڵام بداتەوە، ئەو بڕیارانە ھەڵدەوەشێنێتەوە.

سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، بەختیار حەیدەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسا ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بە ھیچ شێوەیەك بۆی نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە، بە تایبەت كە ھیچ بەڵگەیەكی سەلمێندراو نییە ئەو ھەڵبژاردنە كێشەی ھەبووە و، ئەگەر بەڵگەیش ھەبێت پەرلەمان ئەو مافەی نییە و رێگای دیكەی یاسایی ھەیە كە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە كە لە دەستوور و یاسای كۆمسیۆندا باس كراوە، ئەویش تانەدانە لە ئەنجامی ھەڵبژاردن لە دادگای تەمییز و، دەستەی دادوەرییش ھەیە و ئەگەر كێشەیەك ھەبێت بڕیاری لەسەر دەدەن و ئەگەر كێشە نەبێت پەسەندی دەكەن و دواتر رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێت بۆ پەسەندكردن، كە ئەمە ھیچی نەكراوە، بۆیە ئەوەی كراوە كارێكی سیاسییە و كودەتایە بەسەر ئەو پرۆسەیەوە".

حەیدەر گوتیشی: "لە دەستووری عێراقدا ھاتووە كە، ھاووڵاتیان مافی دەنگدانیان ھەیە و دەنگیشیان پیرۆزە و پێویستە پارێزگاری لێ بكرێت، كەچی ئێستا پەرلەمان لەخۆیەوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە دەدات، ئەمە پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە، جگە لەوەش پەرلەمان دەستەڵاتی ئەوەی نەماوە بڕیارێك یاخود یاسایەك دەربكات كە پەیوەندی بە خولی نوێی پەرلەمانەوە ھەیە".

لەبارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بڕیارانەی پەرلەمان، سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان گوتی: "پارتی و یەكێتی و چەندین حیزبی دیكە تانەیان لە دادگای فیدراڵی لەو بڕیارانەی پەرلەمان داوە كە ئەو بڕیارانە نایاسایی و نادەستوورین، بۆیە دادگای فیدراڵی دەتوانێ ئەو بڕیارانە ھەڵوەشێنێتەوە و ئەگەر دادگای فیدراڵییش بە مەنتیقی وەڵام بداتەوە، ئەو بڕیارانە ھەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام لە ژماردنەوەی دەنگەكاندا كێشە نییە و حیزبەكانیش ھیچیان دژی نین".

حەفتەی رابرد، پەرلەمانی عێراق یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ساڵی ٢٠١٨ بۆ سێیەم جار ھەموار كردەوە و، بەپێی ھەموارەكەیش بڕیاری داوە كە دەنگدانی تایبەت و دەرەوە و ئاوارەكان ھەڵوەشێندرێنەوە و دەنگەكانی ھەموو عێراقیش بەدەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەمەیش ناڕەزایەتیی توندی لایەنەكانی لێ كەوتەوە، چونكە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگەكان، نایاسایی و نادەستوورییە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار