لە كەركووك حەشد و سوپا گەنجانی كورد دەستگیر دەكەن
__2018_06_11_h14m43s27__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق تا ئێستا لە كەركووك و دەوروبەری بەردەوامن، یەكێك لەوانەش، دەستگیركردنی گەنجی بێتاوانی كورد و ئەشكەنجەدانیانە، كە دواتر بە پارە ئازادیان دەكەن.
لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا، گەنجێك بە ناوی "بارزان ئەحمەد ڕەشید" كە برایەكی پێشمەرگەی پارتییە و خاڵیشی شەھیدی ئەو حزبەیە، بە بیانووی تەقەكردن لە دژەتیرۆری عێراقی لە "حەی عەسكەری"ـی كەركووك دەستگیر كراوە و ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە، بەڵام دواجار دوێنێ ئازاد كراوە و ھیچ شتێكی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.
پەیوەست بە گرتن و ئازادكردنی ئەو گەنجە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو شەوەی كە "بارزان ئەحمەد رەشید" دەستگیر كرا، تەقە لە ھێزەكانی دژەتیرۆر كرا لەسەر پردەكەی "حەی عەسكەری"ـی شاری كەركووك، ئەو كەسەش لەو نزیكانە بووە و دەستگیریان كردبوو، گوایە ئەو دەستی لە تەقەكردنەكەدا ھەیە، بەو ھۆیەوە ھێزەكانی دژەتیرۆری عێراق ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆریان دابوو، بەڵام دوای ھەوڵێكی زۆر ڕزگار كرا بە بێ ئەوەی تاوانەكەی بەسەردا بسەپێت."
عەبدولڵا، گوتیشی: "لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەو جۆرە كێشەیە تا ئێستا بەردەوامە و كەیسی بارزان، تاكە حاڵەت نییە و ئەم جۆرە حاڵەتانە زۆر بووە لە كەركووك، كە گەنجێك بە بیانوو و تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر دەكەن و دواتر حەشدی شەعبی و دژەتیرۆری عێراق، داوای پارەیەكی زۆریان لێ دەكەن بۆ ئازادكردنیان."
ئەمڕۆ لە نێو ڕاپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكانیشدا باس لەوە كراوە، كە گەنجی كورد و سوننە لە دوای ھاتنی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا دەڕفێندرێن، دەستگیر دەكرێن و ئیھانە و ئەشكەنجەیەكی زۆریان دەدەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەشڵێت: "چەندین جار نەتەوە یەكگرتووەكانمان لەو جۆرە پێشێلكارییانە ئاگادار كردووەتەوە، تا بزانن كەسانێكی سڤیل و كوڕە ھەژار دەستگیر دەكرێن، كە دواتر داوای پارەیەكی زۆریان لێ دەكەن تا بەریان بدەن، تا ئێستایش زۆر كەسیان بە پارە بەرداوە كە ھیچ بابەتێكیشی لەسەر ساخ نەبووەتەوە و تەنیا بە هەڵبەستنی تۆمەت دەستگیر كراون."
لە بارەی ڕووە یاساییەكەی ئەو كەیسەی "بارزان"ـەوە، سەرۆكی لقی ھەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، ئەیاد كاكەیی، بە ماڵَپەڕیی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان ئەو كەسەی بە هەڵە دەستگیر دەكرێت، دوای ئازادكردنی، بە پێی ماددەی (٦) لە یاسای ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠١٠ قەرەبوو دەكرێتەوە كە یاسای (قەرەبووكردنەوەی راگیراوەكان و بەندكراوەكانە لە كاتی بێتاوانی)ـدا، هەڵبەت بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەی دادوەری تایبەتمەند بڕیاری قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسەكە دەدات، هەروەها ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاری بێتاوانی و ئازادكردنەكە، لە دوو ڕوژنامەی ناۆخۆدا بڵاو دەكاتەوە، دیارە بە پێی ماددە (٧) لە ھەمان یاسا، ئەنجوومەنی دادوەری بۆی ھەیە لە ھەندێك حاڵەتی دیاریكراودا، دادوەر رەوانەی لیژنەی كاروباری دادوەران بكات".
كاكەیی دەشڵێت: "ئەو ماددە و بڕگانەی لە سەرەوە باسم كردوون، تایبەتن بە ھەرێمی كوردستان و، لە عێراق ھیچ یاسایەكی لەم شێوەیە نییە، بۆیە ئەو كەسانە ھیچ مافێكیان نییە بۆ سكاڵاكردن و وەرگرتنی مافەكانی خۆیان، چونكە ئەم یاسایە تەنیا لە ھەرێمی كوردستان پیادە دەكرێ، لە كەركووك و لە شوێنەكانی تریش ئەم یاسایە نییە و بە پێی یاسای عێراقی بە ھیچ شێوەیەك "بارزان ئەحمەد ڕەشید" ناتوانێ لە ھیچ یاسایەك سوودمەند بێت و داوای قەرەبوو بكات".
سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە گەلێك پێشیلكارییان ئەنجام داوە، وەك ئازاردانی جەستەیی گەنجی بێتاوان و گرتنی خەڵك بە بێ ئەوەی ھیچ كارێكی نەشیاوی كردبێ، كە بێ فەرمانی دادگا دەیانگرن و ئەشكەنجەیان دەدەن، ئەمەیش تەنیا لەبەر ئەوەیە كە كوردن یان سەر بە لایەنێكی سیاسیی دیاریكراون، ئەمە جگە لە ڕووخاندنی نزیكەی دوو ھەزار ماڵ و دوكان و شوێنە گشتییەكان لە خورماتوو و كەركووك و جەلەولا و سەعدییە.
سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ كەیسی "بارزان"، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، زیا پترۆس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "دوێنی ئەم زانیارییەمان بە دەست گەییشتووە كە ناوبراو ئازاد كراوە و ماوەیەكیش لە ژێر ئەشكەنجەی ھێزە عێراقییەكاندا بووە".
بە گوتەی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی لە كەركووك و ئەو شوێنانەی لە ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق كردوویانە، ڕاپۆرتیان بڵاو كردووەتەوە، بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، "نێچیرڤان بارزانی"ـیش، لیژنەیەكی باڵا پێكھاتووە كە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش ئەندامێكی سەرەكیی لیژنەكەیە بە سەرۆكایەتیی وەزیری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان، دەستەی مافی مرۆڤیش ڕاپۆرتی خۆی داوە بە لیژنەكە و ئێستا وا سەرقاڵین بۆ ئەوەی بەدواداچوونێكی جیددی بكەین بۆ ھەموو ئەو پێشێلكارییانەی لە كەركووك و دەوروبەری كەركووك لە پاش ١٦ی ئۆكتۆبەر و تا ئێستایش ئەنجام دراون و دەدرێن.
پترۆس، ڕاشیگەیاند: "تایبەت بە كەیسی "بارزان ئەحمد ڕەشید" ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ چاوەڕێ دەكەین جا لە ھەولێر یان لە كەركووك و ھەر شوێنێكی تر بێت، خۆی یان یەكێك لە خانەوادەكەی سەردانمان بكات و ئەو بەڵگەنامانەی لایانە پەیوەست بە گرتنەكەی، لەگەڵ خۆیانی بھێنن و بێنە لامان، تا بە فەرمی سكاڵایەك تۆمار بكەن".
دەشڵێ: "ئێمە وەك دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بەدواداچوون بۆ كەیسەكە دەكەین و لە ھەمان كاتیشدا لەبەر ئەوەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەنیا پەیوەندی بە سنووری جوگرافیی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە و كەركووكیش ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی بەغدایە، داواكاری گشتیی بەغدا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤی لێ ئاگادار دەكەینەوە تا مافی ناوبراو وەربگرین."
فایزە كۆیی




