٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێناس جانۆ: سووتانی كۆگاكە، بارودۆخی عێراقی ئاڵۆزتر كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- ئاگركەوتنەوە لە كۆگای سندووقەكانی دەنگدان، كاردانەوەی جۆراوجۆری لێ كەوتەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی كرد، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكەیش رایدەگەیێنێت، كۆتا بڕیار لای دادگای باڵای فیدراڵە.

دوێنێ لە یەكێك لەو كۆگایانەی سندووقی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی تێدا هەڵگیرابوو، بە هۆی ئاگركەوتنەوەوە بەشێكی زۆری سووتا و كاردانەوەی جۆراوجۆریشی لێ كەوتەوە، سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو كارەی كراوە بە دەستی ئەنقەست كراوە و مەبەست لێی شاردنەوەی ئەو تەزویراتەیە لە دەنگی هاووڵاتیان كراوە، داوایشی كرد هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.

لە لایەكی دیكەیشەوە، مەعن هیتاوی، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، سووتانی كۆگاكە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابێت، چونكە كۆپییەكی تۆماری دەنگەكان لە جێیەكی دیكە هەڵگیراوە و پارێزراوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش رەتی دەكاتەوە، كە كۆپیی سەرجەم دەنگدانی هاووڵاتیان لە شوێنی دیكە هەبن.

رێناس جانۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "بۆچوونەكان لەسەر سووتانی ئەو كۆگایەی سندووقەكانی دەنگان لە رەسافە، جۆراوجۆرن، بەشێكیان دەڵێن رووداوێك بووە، بەشێكیش دەڵێن بە ئەنقەست كراوە".

وادەی سووتانی كۆگاكە، لە كاتێكدایە كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا سەرجەم دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە، بۆیە جانۆ پێی وایە، هۆكارە بۆ ئەوەی هەندێ لایەن گومانی زۆریان لە رووداوەكە هەبێت، چونكە داوای ژماردنەوەی سەرجەم دەنگەكانیان كردووەتەوە بە دەست، كاتێ ئەو دەنگانە دەسووتێن، گەر كۆمسیۆنیش بڵێ كۆپیمان لە بەردەستە، كۆپیی ئەو دەنگانەی هاووڵاتیان نییە، كە لە سندووقەكاندان.

جانۆ روونیشی كردەوە، ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بكاتەوە، بەڵام ناتوانێت پرۆسەكە جێبەجێ بكات، چونكە بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوە، لە دەست دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە. باوەڕیشی وایە بارودۆخەكە لە دوای سووتانی كۆگاكە ئاڵۆزتر بووە و پێشی وا نییە هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار