٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، گفتوگۆ له‌باره‌ی ڕەتكرنه‌وه‌ی بڕیارەكه‌ی پەرلەمانی عێراق ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی رایگەیاند، دڵگرانن بەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بەرانبەر بە دەنگی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان، وەك لیژنەی پێشمەرگەیش هەر ڕێكارێكی یاسایی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەوەی بەرگری لە دەنگی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بكەن.

شیلان شێخ جەعفەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكوو لیژنەی پێشمەرگە، دڵگرانیی خۆمان بەرانبەر بە هەڵوێستی ئەنجوومەنی نوێنەران دەردەبڕین سەبارەت بەو هەڵوێستەی دەرهەق بە دەنگی پێشمەرگە نواندیان، كە ئەمە جێگەی شەرمەزارییە بۆ پەرلەمانێك كە خۆی بە نوێنەری گەلانی عێراق دەزانێت، بەڵام دێت لە مافێكی دەستووری كە هێزێكی وەك پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئەفسانەی داعشیان تێك شكاندووە، پەراوێز بخات، بەداخەوە ئەوان لەو مافە دەستوورییە بێبەشی دەكەن كە دەستوور ڕێگەی پێ داون كە هەر پرسێك تایبەت بێت بە وڵاتەوە دەنگی خۆیان بدەن، ئەمە لە كاتێكدایە هەندێك لایەنی سیاسیی كوردستانی لە بەغدا ڕۆڵێكی باڵایان لەو بابەتەدا هەبووە، بۆیە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق نایاسایی،  نادەستووری و سیاسییە، ئەمە كارێكی باش نییە، چونكە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێویستە ئێمە بەرەو تەوافوق و سازان هەنگاو بنێین بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ".

شێخ جەعفەر گوتیشی: "ئێمە وەكوو لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، هەر ڕێكارێكی یاسایی كە پێویست بێت دەگرینە بەر بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەكانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بكەین، بۆیە ئێمە سەرقاڵی دانانی بەرنامەیەكین تا بتوانین هەموومان پێكەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، بە توندی سەركۆنەی ئەو بڕیارە بكەین".

سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، هەروەها ئاماژەیشی دا: "ئەمڕۆ لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن ئەو ڕێكارانە بگرینە بەر، تا بە هەموومان پێكەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز بكەین و ئەو بڕیارەی پەرلەمان ڕەت بكەینەوە، داوایش لە دادگای فیدڕاڵی دەكەین ئەو بڕیارەی پەرلەمان ڕەت بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی داوا لە هەموو وڵاتان دەكەین بێنە سەر هێڵ، چونكە ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روو دەدات، جێگەی قبووڵكردن نییە".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار