تۆڕی شەمس: بەڵگەكان لەسەر رەتكردنەوەی دەنگدانی تایبەت، هی ئەوهنییه دەنگەكان ھەژمار نەكرێن

هەولێر-KDP.info- یەكێك لە بڕیارەكانی پهرلهمانی عێراق لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی مانگی رابردووی پەرلەمان، رەتكردنەوەی كۆی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتە لە ھەرێمی كوردستان، چاودێرێكی ھەڵبژاردانەكانیش دەڵێ، ئەو تێبینیانەی لەسەر دەنگدانی تایبەت ھەن، ھیی ئەوە نین پڕۆسەكە رەت بكرێتەوە.
پێشمەرگە لە سێ ساڵی رابردوودا ھەیبەتی گەورەترین گرووپی تیرۆریستیی لە ناوچەكهدا تێك شكاند و سەرەڕای ئەوەی بەغدا تا ئێستا ئامادەی ناردنی مووچە و بودجەی ھێزەكانی پێشمەرگە نییە، پێشمەرگە لە مافی دەنگدانیش بێبەش كرا. لەو بارەیەوە، ھۆگر چەتۆ، سەرۆكی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەر پێشێلكارییەك لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی مانگی رابردوودا ئەنجام درابێت، ئێمە وەك چاودێری پڕۆسەكە لە سەرتاسەری عێراق كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ھەر تانەیەك ھەبێت لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەكان، ئەوا پێویستە دادگا یەكلای بكاتەوە، راستە ئێمە وەك چاودێران تێبینیمان لەسەر پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ھەبوو، ھەروەكچۆن لەسەر بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتییش ھەبوو، بەڵام ئەو تێبینییانەی لەسەر دەنگدانی تایبەت ھەبوون لە ھەرێمی كوردستان، ناگاتە ئەو ئاستەی كۆی پڕۆسەكە رەت بكرێتەوە و دەنگەكان ھەژمار نەكرێن، بۆ نموونە ئێمە تێبینیمان ھەبوو لەسەر ھەڵبژاردنی تایبەت لەوەی سەرپێچی كراوە و مۆبایل براوەتەوە ژوورەوە لەلایەن دەنگدەرانەوە، یاخود چەند دەنگدەرێك پێكەوە چوونەتە نێو وێستگەی دەنگدان و دەنگیان داوە".
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لە ھەرێمی كوردستاندا، كە ھێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەگرێتەوە، بە چاودێریی سەدان چاودێری ناوخۆ و بیانی بەڕێوە چووە و چاودێرانی نێوخۆ و نێودەوڵەتییش ئاشكرای دەكەن كە بە گشتی پڕۆسەكە بە بێ كێشە بەڕێوە چووە و ئەگەر كێشەیەكیش رووی دابێت، ئەوە زیاتر لە سیستهمی ئەلیكترۆنیی كۆمسیۆندا بووە، سەرۆكی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەكان روونی كردەوە: "ئەگەر پێشێلكاری رووی دابێت لە دەنگدانی پێشمەرگەدا، دەكرێت لە كاتی ساخكردنەوەی وێستگەیەك یان ئەو شوێنانەی پێشێلكاریی گەورەیان تێدا كراوە، رەت بكرێنەوە، بەڵام ناكرێت ھەموو پڕۆسەكە رەت بكرێتەوە، تەنیا لە حاڵەتێكدا نەبێت ئەگەر تاوانی زۆر گەورە كرابێت، كەچی ھێشتا روون نییە ھیچ تاوانێكی گەورە لە ئەنجامی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە ھەرێمی كوردستان رووی دابێت".
چەتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "من وا تێگەییشتووم ئەوەی لەسەر دەنگدانی تایبەت رووی داوە لە ھەرێمی كوردستان، دەرئەنجامی ململانێ و ناكۆكیی نێوخۆی خۆمانە، عێراق لە خۆڕا ناتوانێت دەنگدانی تایبەت ھەمووی رەت بكاتەوە ئەگەر لە نێوخۆوە زانیاریی پێ نەدرابێت".
قائید میرۆ




