٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەوڵ دەدرێت ئەم حەفتەیە پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، ھەموو ھەوڵێك دەدرێت لەم دوو رۆژەدا فراكسیۆنەكان بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەوەی ئەم حەفتەیە پەرلەمان كۆ ببێتەوە و پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینیدا، پەسەند بكرێت.

دوای ھەوڵێكی زۆری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینیدا، دواجار حەفتەی رابردوو ھەردوو لیژنەی یاسایی و دارایی توانییان راپۆرتی ھاوبەش ئامادە بكەن، بەڵام ھەندێك تێبینی لەبارەی ئەو راپۆرتەوە ھەیە و بڕیارە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا یەكلا بكرێتەوە.

شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتنێك لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری خانەنشینی و مووچە و، ھەوڵی جیددییش ھەیە بۆ ئەوەی لەم یەك دوو رۆژەدا بگەینە رێككەوتن و، ئەگەر گەییشتینە رێككەوتن، لەم حەفتەیەدا پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و تێیدا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند دەكرێت".

شێخ ئەحمەد گوتیشی، لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە رای جیاواز ھەیە، بۆیە گفتوگۆ دەكرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو رایانەش رێككەوتن بكرێت و بتواندرێت لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت.

بەپێی راپۆرتی ھاوبەشی ھەردوو لیژنەی یاسایی و دارایی، دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، پێویستە لە ماوەی٣٠ ڕۆژدا پاشەكەوتی مووچە لابدرێت و مووچەش ٣٠ ڕۆژ جارێك بدرێت، هەروەها مووچەی خانەنشینی لە ٤٠٠ھەزار دینار كەمتر نەبێت و ئاساییش و پۆلیسیش ئەگەر ١٥ساڵ خزمەتیان ھەبێت، خانەنشینی دەیانگرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان ٦٠% مووچەی بنەڕەتییان دەبێت، بەڵام فراكسیۆنی پارتی لەو خاڵەدا داوا دەكات خانەنشینی پلە تایبەتەكان ھەر نەمێنێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار