٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن: بڕیارەكانی پەرلەمان، بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دەڵێ، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ ھەژمارنەكردنی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان، بە تایبەت ھێزی پێشمەرگە، كە كەرامەتی خەڵكی كوردستانی پاراستووە، ١٠٠% سیاسییە و بۆ لێدانە لە ھەرێمی كوردستان و مەبەستیش لێی، دەستكاریكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانە.

دوێنێ، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی دا، بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق نایاسایی و نادەستوورین و دژی خواست و ئیرادەی گەلی عێراق بە گشتی و خەڵكی كوردستان بە تایبەتین، بۆیە داوا دەكەن بە زوویی چاو بە بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراقدا بخشێندرێتەوە، ئەگەرنا ھەڵوێستیان دەبێت.

بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تێبینیمان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ھەبووە و لە ھەندێك شوێندا دەنگی ئێمە زیاتر بووە و حیساب نەكراوە، بەڵام بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بێت لەسەر ئاستی عێراق، ئەوە كارێكی باشە، وەلێ ئەوەی پەرلەمانی عێراق كردوویەتی، سیاسییە، چونكە زیاتر جەختیان لەسەر كوردستان كردۆته‌وه‌ و تەنیا دەنگدانی تایبەتی كوردستانیان ھەڵوەشاندووەتەوە كە پێشمەرگە بەشێكە لە ھێزەكانی مەنزومەی عێراق، بۆیە ئەگەر ھەموو دەنگی تایبەتی عێراقیش ھەڵوەشێندرابووایەوە بە ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە، ئەو كات دەتواندرا قسەی لەسەر بكرێت، ئەگەر بە تەواوی ڕوون كرابووایەوە ھۆكارەكەی چییە، بەڵام تەنیا ھەژمارنەكردنی دەنگی پێشمەرگە، سزادانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەیە و، ئێمە ئەوە بە تووندی رەت دەكەینەوە".

عەلی حوسێن گوتیشی: "جگە لەوە، بڕیار دراوە دەنگی ئاوارەكان ھەژمار نەكرێت، كە ئەمە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆنە، بۆیە ئێمە ئەوەیش رەت دەكەینەوە، چونكە ئەمە لە ھەموو عێراق نییە و پرسێكی سیاسییە و بۆ لێدانی ھەرێمی كوردستان و ھیزە سیاسییەكانی كوردستانە".

بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دەشڵێ، ھەندێك شتی نامەنتیقی ھەیە، جا ھەر ھێزێك پشتگیریی بڕیارەكانی پەرلەمان بكات، هەڵەی گەورە دەكات، چونكە پێشمەرگە بوونی ھەیە و كەرامەتی خەڵكی كوردستانی پاراستووە و دەنگێكی زوڵاڵە، بۆیە ئەمە پێشێلكردنی یاسا و دەستوورە و ١٠٠% سیاسییە و بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق و بە تایبەتیش لە ھەرێمی كوردستانە.

عەلی حوسێن باسی لەوەش كرد، دادگای فیدراڵی قسەی خۆی دەبێت و ئەمە قبوڵ ناكات، چونكە بڕیارەكان پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقن.

لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و ئەو كوتلانەی لەو ھەڵبژاردنەدا شكستیان برد و دەنگیان كەمی كرد، هەوڵیان دا ئەنجامەكانی ئەو ھەڵبژاردنە ھەڵوەشێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان بۆ ئەمساڵ، ھەموار كردەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار