٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كار بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەڵەبجە-KDP.info-  سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، بەم زووانە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك پەسەند دەكات كە هاوكار دەبێت تا لە ڕێگەی پارێزەرانی نێودەوڵەتییەوە، بتوانرێت ئەو كۆمپانیایانەی هاوكاری ڕژێمی بەعس بوون بە پێدانی چەك، سزا بدر‌ێن و قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان بكەنەوە.

لوقمان عەبدولقادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی 2010ـوە سەرقاڵی گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاسایەكین بە هاوكاریی یاساكانی وەزارەتی شەهیدان و پارێزەرانی خۆبەخشی كۆمەڵەكەمان لەگەڵ پارێزەرانی نێودەوڵەتی، ئەمەش بە مەبەستی دەرچوواندنی یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە دژی ئەو كۆمپانیایانەی كە چەكی كۆكوژیان بە ڕژێمەكەی سەددام فرۆشتووە".


پارێزەرانی خۆبەخشی كورد و پارێزەرانی ئەورووپایی، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، لە هەوڵدان تا لە دادگاكانی ئەو ڵاتانەی كە كۆمپانیاكانیان چەكی كیمیاییان بە ڕژێمی بەعس فرۆشتووە، سزا بدرێن.

وەك عەبدولقادریش هێمای بۆ كرد: "تەواوی ڕەشنووسی پڕۆژەكە كۆتایی هاتووە و پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵێنیشمان پێ دراوە لە ماوەیەكی زۆر نزیك و لە دانشتنێكدا پڕۆژەكەمان پەسەند بكرێت، كە ئەو پڕۆژەیە هاوكاریی كەیسی دژ بە كۆمپانیاكان، بۆ تیمی پارێزەرانمان زۆر ئاسان دەكات، تاوەكوو بتوانین تەواوی ئەو كەس و كۆمپانیایانە سزا بدەین كە بە فرۆشتنی چەكی كۆكوژ، هاوكار بوون لە كارەساتی هەڵەبجەدا".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیان گوتیشی: "دوای سزادانی ئەو كۆمپانیایانە، بەپێ یاسا دەبێت كۆمپانیاكانی خاوەن چەكی كیمیایی، قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان و برینداران بكەنەوە".

ئەو هەروەها دەشڵێ: "لە ڕۆژی یەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە لە پەرلەمانی كوردستان، ئێمە وەك كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە و پارێزەرانی خۆبەخش لە كوردستان و دەرەوەی وڵات، ئامادەی دانیشتنەكە دەبین، كە بەڵێنمان پێ دراوە بەم زووانە پەسەندی بكەن، لەپڕۆژەیاساكەیشدا بڕی قەرەبوو بۆ كەسوكاری شەهیدان و برینداران دیاری دەكرێت".

سەعات 11ـی سەرلەبەیانیی ڕۆژی 16ـی 3ـی 1988، ڕژێمی بەعس بە چەكی كیمیایی هێرشی كردە سەر شاری هەڵەبجە، كە لە ئەنجامدا 5 هەزار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و 10 هەزار كەسیش بریندار و سەدانیش بێسەروشوێن بوون.

 

هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی

هەواڵی پەیوەندیدار