"چاودێران: پەرلەمان، عێراق بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات"
__2018_06_07_h15m16s47__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- عێراق لەسەر هەرسێ بنەمای تەوافق، تەوازن و شەڕاكەت دامەزراوە، كوردیش لەسەر ئەو سێ بنەمایە لە حكوومەتی نوێی عێراقدا بەشدار بووە، خواستی وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتیشە کە كورد بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا بكات، بە بڕوای چاودێرانیش ئەگەر ئەو بنەمایانە جێبەجێ نەكرێن، كورد دەبێ ڕێگەی دیكە بگرێتە بەر و ئەنجامی ڕیفراندۆم زیندوو بكاتەوە.
عێراق بەرەو ئاقارێكی نادیار هەنگاو دەنێت
هەندێك هێز و لایەن دەیانەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەنجامی هەڵبژاردن تێك بدەن، كە داوایان كردووە دەبێ 100%ی دەنگەكان بە دەست ئەژمار بكەنەوە، ئەوەش ئەو لایەنانەن كە زیانیان بەركەوتووە و دەرنەچوونە، هەتا سەرۆكی پەرلەمان كە دەنگی نەهێناوە. ئەوەش وا دەكات كە عێراق بەرەو ئاقارێكی نادیار ببات، هەر لەم بارەیەوە، دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەو ڕەوشە عێراق بەرەو ناسەقامگیرییەكی سیاسیی دەبات، بەتایبەتی ئەگەر دەنگی كەمپەكان و دەرەوە و تایبەت هەڵبوەشێننەوە، كاریگەریی خۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو بابەتە بە سیاسی كراوە، بەتایبەتی سەرۆكی پەرلەمان هەوڵ دەدات گومان بخاتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردن و عێراق بەرەو ئاقارێكی نادیار ببات."
كورد دەبێ ڕێگەی دیكە بگرێتەبەر
عێراقی نوێ لەسەر هەرسێ بنەمای تەوافق، تەوازن و شەراكەت دامەزراوە، كورد لەسەر ئەو سێ بنەمایە بەشداریی لە حكوومەتی عێراقدا كرد، لەو كابینەیەش هەر داوای جێبەجێكردنی ئەو سێ بنەمایە دەكات، كە ئەوە خواستی وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتیشە و، ئەگەر ئەو سێ بنەمایە جێبەجێ نەكرێن، بە بڕوای چاودێران دەبێ كورد كار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بكات. دیندار دۆسكی گوتی: "كورد پەراوێز خراوە، هۆكارەكەیشی بۆ بەدوادانەچوونی عێراق بۆ سێ بنەمایە دەگەڕێتەوە، ئەگەر عێراق هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، كورد ناچارە ڕێگەی دیكە بگرێتە بەر، لەگەڵ ئەوەش، دەبێ كورد بەتایبەتی پارتی و یەكێتی ببنە یەك، بۆ ئەوەی بتوانن دەستكەوت بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن."
لە لایەكی دیكەوە، عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون كردەوە: "پێش ئێستا ئەگەر كۆدەتا كرابایە، سەرباز ڕەوانە دەكرا و ئەو كەسەی كۆدەتای دەكرایە سەر دەستگیر دەكرا، بۆیە ئەوەی لە پەرلەمان كرا بە هەمان شێوە كۆدەتا بوو، چونكە كۆدەتایان بەسەر كۆمیسیۆن و ئەنجومەنی دادوەریدا كرد، ئەوەش وا دەكات كە عێراق بەرەو دواوە بچێت، بۆیە بابەتەكە بە سیاسی كراوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە لایەنەكانی دیكەی عێراقی ڕازی دەبن بەو بڕیارەی پەرلەمان، چونكە كورد بە تەنیا نییە، لەگەڵ ئەوەی ئەگەر ئێمە وەكو كورد بمێنین لە ناو عێراقدا دەبێ بەشداریكردنێكی كارامان هەبێت، تەوافق و تەوازن و شەراكەت هەبێت، كە عێراق لەسەر ئەو سێ بنەمایە دامەزراوە".
ڕابین شێروانی




