ئاستی گەشت بە ئاسمانەڕێی كوردستاندا لە هەڵکشانە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایدەگەیێنێت، لە دوای كردنەوەی ئاسمانەڕێی كوردستان، ئاستی گەشتی ئاسمانی لە بەرزبوونەوەدایە و وەك جارانی لێ دێتەوە. وەك گوتەبێژی ئەو وەزارەتە دەڵێ، كۆمپانیا بیانییەكانیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ كاركردن لەگەڵ فڕگەكانی كوردستاندا.
دوای ئەوەی بە بڕیارێكی سیاسی، گەشتی فڕگەكانی كوردستان لەلایەن بەغداوە وەستێندرا، دواتر بە گوشاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، گەشتەكان كرانەوە و فڕگەكان دەستیان بە كارەكانی خۆیان كردەوە، لە ئێستایشدا گەشتی فڕۆكەوانی لە نێوان فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕگەی وڵاتاندا بە تەواوەتی كراوەتەوە و گەشتیاران و بازرگاكان و هاووڵاتیانی كوردستان بە شێوەیەكی ئاسایی گەشت دەكەن، ئەمە جگە لەوەی كار كراوە بۆ زیاتر فراوانكردنی گەشتەكان و راكێشانی كۆمپانیا بیانییەكان، لەگەڵ شكاندنی ئابڵووقەی ئاسمانەڕێی كوردستان، هەروەها لە ئاستی هێڵی زەمینییش گرفتێك نەماوە.
ئومێد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێستا هێڵی زەمینیی كوردستان بەردەوامە لە كاری خۆی بۆ بەغدا و تاران و ئیستانبووڵ و لە داهاتوویشدا ئەگەر بكرێت كۆمپانیای كەرتی تایبەت دەتوانێت هێڵی هەولێر - بەغدا و لەوێشەوە بۆ عەممان بكاتەوە، تا هاووڵاتیانی كوردستان بتوانن لە كوردستانەوە بۆ ئوردن گەشت بكەن، بۆیە ئەگەر ئەم هەنگاوە بگیرێتە بەر، رەنگە ئەو هێڵە بكرێتەوە".
محەممەد گوتیشی: "هێڵی ئاسمانیی هەولێر بۆ دەرەوە كراوەتەوە و خەریكە ئاستی گەشتەكانی ئاسایی دەبێتەوە وەك پێشوو، چونكە كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی توركیا لە كوردستان كاری خۆیان دەكەن و بە هەمان شێوە بۆ جیهانی دەرەوە و ئێرانیش بەردەوامە".
دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25/9/2017ـدا، رۆژی دواتر حكوومەتی عێراق بڕیاری دا كە ئەگەر تا سێ ڕۆژ دوای پرۆسەكە گەشتە ئاسمانییەكانی كوردستان نەخرێنە ژێر كۆنتڕۆڵی بەغداوە، گەشت بۆ فڕگەكان قەدەغە دەكات.
پاش بڕیارەكەیش، لە بەیاننامەیەكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا: "ئێمە لە حكوومەتی هەرێم داوامان لە حكوومەتی عێراق كرد كە لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دابنیشن و هەر لێكتێنەگەییشتنێك هەبێت چارەی بكەن، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانیشتنی ڕەت كردووەتەوە، چونكە هیچ كێشە و لێكتێنەگەییشتنێكی ئەوتۆ لە ئارادا نییە و بڕیارەكە تەواو سیاسییە".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەشڵێ: "توركیا تا ئێستا گەشتەكانی بە ڕووی فڕگەی سلێمانیدا نەكردووەتەوە، ئەوەش بەندە بە سیاسەتی حكوومەتی توركیاوە و دیار نییە كەی بڕیاری كردنەوەی دەدرێت".
لەبارەی گەشتی زەمینییش لە كوردستانەوە بۆ بەغدا، ئومێد محەممەد گوتی: "گەشتی زەمینیی كوردستان بۆ بەغدا، لە ڕێگای ئۆتۆمبێلی تایبەت و تەكسی و بارهەڵگرەوە بەردەوامە".
كارزان سەباح




