نێچیرڤان بارزانی: مامەڵەی سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەینە ئەلیکترۆنی

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی نەیشاردەوە کە هەست بە بێزاریی هاووڵاتیان لە راییکردنی مامەڵەکانیان دەکات و ڕیگەیاند، "دەبێت لەو سیستمە رزگارمان ببێت و هاووڵاتیانمان لە دەست ئەو رۆتینە رزگار بکەین، بە باشترین شێوە مامەڵەکانی هاووڵاتیان بەڕێوە بچێت".
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، هەروەها وەزیری ناوخۆ کەریم شنگالی، سەبارەت بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگا حکوومییەکانی هەرێم بۆ باش بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم نێچیرڤانی بارزانی لە میانەی مەراسیمی خەڵاتکردنی وەزارەتی ناوخۆدا، وتاری دا و ئاماژەی بە سەختیی بارودۆخی ئێستا کرد و رایگەیاند، حکوومەت ئیرادەیەکی جیددی بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە و بەردەوامیش دەبێت، سووریشە لەسەر چاکسازیی ئیداری و کارگێڕی بەرەو قۆناغێکی باشتر و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان بە کوالێتیی بەرزتر و تێچووی کەمتر.
سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی و سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی کرد، کە وەک سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک سیستمی ئەلیکترۆنییان بە کار هێناوە و توانیویانە خەڵاتی ئایزۆ وەربگرن، ئێستایش هەمان هەنگاوی لە ناو وەزارەتی ناوخۆ پیادە کردووە و، ئەمڕۆیش بڕوانامەکە بە دەست دێنن و چاوەڕوانیش دەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر و سلێمانیش دەستبەکار بن، هیوایشی خواست ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکان بگرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە، کە حکوومەت لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ژێرخانێکی ئەلیکترۆنیی تۆکمە لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم دامودەزگا حکوومییەکان دابمەزرێنێت و نوێترین تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزاری بخاتە خزمەت هاووڵاتیان، ئەوەش لە پێناو نەهێشتنی رۆتینات و بە زوویی جێبەجێکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، چ لە دووریی سەر سنوورەوە تا دەگاتە ناوەندی شار، لە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەکان مامەڵە و کاری هاووڵاتیان بە باشتر و زووتر جێبەجێ بکرێن، بە تایبەت لە سیستمی کارگێڕیدا.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوت، کە یەکەم جار دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ و دووەم جار بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک لە ٢٠١٥ ئەو سیستمەیان بەکار هێناوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە، کە هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی شەڕێکی قورسی دژ بە داعش و قەیرانێکی سەختی داراییدا بووە، ئەوەشی بە هەوڵێکی جیددی و مۆدێرنەی حکوومەتی هەرێم دانا، تاوەکو سیستمێک پەیڕەو بکرێت هاووڵاتیان ماندوو نەبن و کەمترین کات و تێچوونی بوێت.
سەرۆکوەزیران رەزامەندیی هاووڵاتیانی بە گرینگ زانی و گوتی: "کاتێک هاووڵاتییەک سەردانی هەر بەڕێوەبەرایەتییەک دەکات، دەبێت بە زووترین کات و بە رووخۆشییەوە مامەڵەکەی جێبەجێ بکرێت، تاوەکو هەست بکات کە ئەو شوێنە بە هیی خۆی بزانێت".

نێچیرڤان بارزانی نەیشاردەوە کە هەست بە بێزاریی هاووڵاتیان لە راییکردنی مامەڵەکانیان دەکەن، "دەزانین کە هاووڵاتیانمان بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان زۆر ماندوو دەبن و چەندین ژووریان پێ دەکرێت، دواتریش دیار نییە، ئایا ئیشەکەیان بۆ دەکرێت یا نا، دەبێت لەو سیستمە رزگارمان ببێت و هاووڵاتیانمان لە دەست ئەو رۆتینە رزگار بکەین، بە باشترین شێوە مامەڵەکانی هاووڵاتیان بەڕێوە بچێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هێمای بەوەش کرد، کە تەنیا دامودەزگا حکوومییەکان نین کە هۆکاری رۆتین بن، بەڵکو یاسایشی بە هۆکار دانا و رووی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد و گوتی: "کاک جەعفەر دەبێت ئێوە یاساکان چاک بکەن، تاوەکو بە یاسا و رێنماییەکان، رایکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان رایی بکرێن، ئێمەش لەگەڵ پەرلەمان کار بۆ ئەوە دەکەین، کە بە تەکنۆلۆژیا خزمەت بە هاووڵاتیان بکەین".
دوپاتیشی کردەوە، حکوومەتی هەرێم لەسەر پڕۆژەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و ئامانجیشیان ئەوەیە وەک سیستمی ئەلیکترۆنی وڵاتانی پێشکەوتوو، تا دەکرێت زۆربەی مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەی ئۆنلاین و لە ماڵەوە لەسەر لاپتۆپێک جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لە پێناو خۆشحاڵیی هاووڵاتیان، وەک ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک هەیە و هاووڵاتی بە چەند خولەکێک دەتوانێت ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەربێنێت، نەک چەند رۆژێک هاووڵاتی ناچار بێت پێوەی خەریک بێت.
ئەو هەوڵەشی بۆ بەشێک لە چاکسازیی حکوومەت هەرێم گێڕایەوە و جەختیشی کردەوە لە هەموو بوارەکانی دیکەش کاری بۆ دەکەن، ئاماژەشی بۆ قۆناغێکی نوێی حکوومەتی هەرێم کرد، کە دەبێت لەگەڵ بەغدا کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، هاوکات کاری جیددی بۆ چاکسازیی ئیداری و کارگێڕی لە حکوومەتی هەرێمدا ئەنجام بدرێت، کە ژێرخانێکی ئیداری تۆکمە لە هەرێمی کوردستان درووست بکرێ، چونکە بێ ئەو ژێرخانە هیچ پڕۆژەیەکی تر سوودی نابێت.
سەرۆکوەزیران پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەر هەنگاوێک لە بارەی چاکسازی نیشان دا و گوتی: "لە ئێستاوە بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە و ئەو فەزایەشی لە وەزارەتەکان بۆ بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان هەیە نەیهێڵین و، دەستخۆشیش لەو رێکخراوی ئایزۆ و وەزیری ناوخۆ و دەستەکەی دەکەم کە پێکەوە کاریان بۆ ئەم پڕۆژەیە کردووە، سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەش بۆ یەکتیمی دەگەڕێتەوە".
خێڵان بەختیار




