٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەکانی یاسایی و دارایی ڕاپۆرت ئامادە بکەن، چوارشەممە پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسند دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ دووشەممە، ھەردوو لیژنەی یاسایی و دارایی کۆ دەبنەوە و ئەگەر توانییان ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی ئامادە بکەن، ئەوا چوارشەممەی دابێ پەرلەمانی کوردستان پەسەندی دەکات.

لەماوەی رابردوودا و بەھۆی ئەوەی تەنھا ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەردوو لیژنەی یاسایی و دارایی لەبارەی ئامادەکردنی راپۆرتی ھاوبەشی لیژنەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی ئامادە بوون، ڕێژەی یاسایی ئەندامان تەواو نەبوو و نەتواندرا راپۆرت ئامادە. هەڵبەت فراکسیۆنی پارتی ھەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە و لەگەڵ فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان  گەیشتنە رێککەوتنێک و لیژنەیەکی بچووکیان دروست کرد.
لیژنەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی، سەردانی وەزارەتی داراییان کرد بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی دەرماڵەکان لەو پڕۆژەیاسایەدا، ئەوان کاری خۆیان کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ ھەردوو لیژنە کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن و راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.

ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر توانیمان ھەر ئەمڕۆ راپۆرت ئامادە بکەین، سەرۆکایەتیی پەرلەمان رۆژی چوارشەممە وەکو کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری دەکات و تێیدا ئەو پڕۆژیاسایە پەسەند دەکرێت، کە ئەمەش دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان."

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکانی حکوومەت و شارەزایانی ئابووری، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت، نزیکەی ١٥٠ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە و بەمەش حکوومەت دەتوانێ سیستمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەیشی مووچە بە نایاسایی وەردەگرێت لا ببرێت و ئەوانەشی مووچەیان لەخانەنشینی کەمە مووچەیان زیاد دەکرێت و، زیاتر لە ١٠٠ھەزار خانەنشین لێی سوودمەند دەبن.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار