٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"مەترسیی زیاتر بۆ سەر کەرکووک ھەیە"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پێی وایە، ھەبوونی ھێزێکی نامۆی وەک ئەوەی ئێستا لە کەرکووکە، خۆی لە خۆیدا نارامییە و شارەزایەکی ئەمنییش دەڵێ، بەبێ گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕەوشی کەرکووک ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.

دوای داگیرکاریی ١٦ی ئۆکتۆبەر کەرکووک کەوتە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی، لەو ڕۆژەوە ئیدی مەترسیی داعش لەسەر کەرکووک، ڕفاندن و گرتن و کوشتنی خەڵکی کەرکووک لە لایەن گرووپە نەناسراو و ھێزە عێراقییەکانیشیەوە ھاتەسەر. جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕەوشی کەرکووک تێک چووە و ھێشتا ئاسایی نەبووەتەوە، چونکە خەڵکی شارەکە ئەو ھێزەی ھێناویانەتە کەرکووک بە ھێزێکی نامۆی دەزانن، بەتایبەتی بۆ کورد ھەر یەکجار زۆر نامۆن، چونکە پێشتر ئەو ھێزە لە کەرکووک نەبووە و ھەبوونی لە شارەکەدا خۆی لە خۆیدا نائارامییە بۆ شارەکە."

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتی: "من بڕوا ناکەم کەس دەربکرێت، بەڵام لەو ناوچانەی داعش دەستی بە چالاکی کردووە، وەک ناوچەکانی سەر بە قەزای داقووق و حەویجە، پێشبینی دەکرێت خەڵکی ئەو ناوچانە دەربکرێن لە شوێنەکانیان، لەبەر ئەوەی بڕیارە ھێزی زیاتر ڕەوانەی ئەو سنوورانە بکرێت، چونکە ڕۆژانە چەکدارانی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش ھێرش دەکاتە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و چەکداریان لێ دەکوژن."

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، بەبێ بوونی ھێزی کوردی ھیچ ھێزێک لەتوانایدا نییە ڕەوشی ئەمنیی ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان کۆنتڕۆڵ بکات و دەڵێ، ڕەوشی ئاڵۆزی کەرکووک بە چەند تاقم و گرووپێکی مەزھەبگەرا ئارام نابێتەوە. دژوار فایەق، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ھێزانەی ھێنراونەتە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان ھێزی ناموون، چونکە کار بۆ نەتەوە و مەزھەبێکی دیاریکراو دەکەن، لەبەر ئەوەی خەڵکی سڤیلیان ئەشکەنجە داوە، ھاووڵاتیان کەیفیان بەو ھێزانە نایەت و ھەر لەبەر ئەوەش توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنیی کەرکووکیان نییە، ھۆکاری دیکەی تێکچوونی ڕەوشی کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ھێزانەی مەلەفی ئەمنییان بە دەستە لە چەند تاقم و گرووپێکی جیاواز پێک ھاتوون و یاسا جێبەجێ ناکەن، لەبری ئەوە ھەر یەکەیان کار بۆ سەرووی خۆیان دەکەن و ئەرکی حکوومەتیش جێبەجێ ناکەن، کە پێویستە گوێڕایەڵی وەزارەتی پەیوەنداری خۆیان بن."

داعش مەترسییەکی زۆرتری بۆ سەر کەرکووک پەیدا کردووە

عێراق بە ھێزێکی زۆری سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی و بە چەکی پێشکەوتوو نەیتوانی تەواوی سنووری پارێزگای کەرکووک کێوماڵ بکات و چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەو سنوورە ڕاماڵێت، لە ناوچەکانی ڕیاز و حەویجە داعش بە ئاشکرا کەوتووەتە جووڵە و ڕۆژانە چالاکیی دژی ھێزە عێراقییەکان ھەیە، تەنانەت بە ھۆی بێتواناییەوە ھێزە عێراقییەکان ناچار بوونە لە ناوچەکانی مەلا عەبدوڵڵا پاشەکشە بکەن و داعش شوێنیان بگرێتەوە. دژوار فایەق، کە خەڵکی کەرکووکە لەوبارەیەوە دەڵێت: "بە گوتەی ھێزە عێراقییەکان داعش گەڕاوەتەوە کەرکووک و مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەک لە ئارادایە، کەواتە خۆیان شایەتیی ئەوە دەدەن ڕەوشەکەیان بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێت، ھۆکاری دیکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەو ناوچانە، ناوچەی کوردن و بەبێ ھێزی ئەمنیی کورد بە ھیچ شێوەیەک ئارامی بە خۆیانەوە نابینن."

ئازاد ئەبووبەکر، کە پێشووتر پەرلەمانتاری عێراق بووە لە لیژنەی بەرگریی و ئاسایشدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بە پێی دەستوور کەرکووک ناوچەی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە و پێویستە ھاوشانی ھێزە عێراقییەکان ھێزی ھەرێمی کوردستان لەو سنوورە ھەبێت، تا ئەو کاتەی یەکلا دەکرێتەوە، چونکە ئەگەر تەنیا ھێزی حەشد و عێراقی لە کەرکووک ھەبن و پێشمەرگەی تێدا نەبێت، کێشە دروست دەبێت، ھەر ئەوەش ھۆکارە ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک تا دێت هەر ئاڵۆزە و جووڵەی داعش زیاتر دەبێت."

عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای دووی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد: "داعش بە ئاشکرا لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک چالاکیی ھەیە و تەنانەت لە ھەندێ ناوچەی وەک قەزای حەویجە و دەوروبەری داعش زیاتر دەسەڵاتی ھەیە، ھێزە عێراقییەکان کاتی خۆیشی کە ئۆپەڕاسیۆنیان ئەنجام دا نەچوونە نێو ھەموو شوێنێک، بەڵکو تەنیا بە جادەی قیڕدا دەچوون، بەوەش داعش کۆتایی نایەت، پێم وایە ھێزە عێراقییەکان توانای بەرەنگاریی داعشیان نییە، ئەوەتا بە دەیان جار ھێرش کراوەتە سەر حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە و چەندین سەرباز و چەکداری حەشدیان کوشتووە."

دەستووری عێراق لە ماددەی ١٤٠دا ڕێوشوێنی یاسایی دیاری کردووە بۆ ئەوەی کێشەی ئەو ناوچانەی کوردستانین یەکلا بکرێتەوە، بەڵام دوای چەندین کابینە، حکوومەتی بەغدا ئامادە نییە دەستوور جێبەجێ بکات، چاودێڕی سیاسی دژوار فایەق ئەویش دەلێ "بڕیار بوو بە پێی دەستوور کێشەی ئەو ناوچانە یەکلا بکرێتەوە و ڕاپرسی بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک بڕیاری خۆی بدات، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ناوچەی کوردستانین و زۆرینەیان کوردن، حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ڕاپرسی لەو ناوچانە بەڕێوە ببات، چونکە ئەگەر بە یاسا و دەنگی ھاوڵاتیان بێت ئەوە دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێ لێی دەربچێت"

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار