٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئاو سزایەکی دیکە بۆ عێراق..دەبێ هەرێم ڕێگەچارەی خۆی هەبێت"

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ گۆڕانکاریی سیاسی، لە ڕووی ئابووری و ژینگە و چەندین پرسی دیکەشەوە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بە گرتنەوەی ئاو لەسەر ھەرێمی کوردستان لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە کێشەی کەمئاوی بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق دروست بووە، پسپۆڕان پێیان وایە عێراق سەرکەوتوو نەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، ئەندامێکی لیژنەی باڵای ئاوی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر دەڵێ، تا ئیستا عێراق نەیتوانیوە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و تورکیا.

چەند ساڵێکە لە وەرزی ھاویندا ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا ڕێژەی بەردانی ئاو بۆ ناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان کەم دەکەنەوە و چەندین ناوچە زیانیان پێ دەگات، بە شێوەیەک لە ناوچەیەکی وەک قەلادزێ سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە وشک دەبێت، لەم بارەیەوە، پڕۆفسیۆری یاریدەدەر فەیسەڵ دەھام، پسپۆڕی بەنداوەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گرتنەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی ئێران و تورکیاوە کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، چونکە بە تەواوبوونی بەنداوی ئەلیسۆ ڕێژەی بەردانی ئاو بۆ نێو دیجلە زۆر کەم دەبێتەوە کاریگەریی لەسەر ئاو دەبێت، بەتایبەتی لەسەر بەنداوی مووسڵ، ڕاستە ڕێژەی ئاو کەم بووەتەوە، بەڵام ھیچ کەمبوونەوەیەکی ئاو ھێندەی گرتنەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە کاریگەری نابێت."

ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بەردانی ئاوی داوە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکان ڕوونی دەکاتەوە پرسی ئاو لە دەرەوەی سنووری ھەرێمی کوردستان پرسێکی سیادیە و لەم بارەیەوە، محەمەد ئەمین فارس، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئاو پرسێکی سیادییە گەرەنتیکردنی ئاو لە دەرەوەی سنووری ھەرێمی کوردستان بابەتێکی سیادییە، بەڵام ئەگەر کێشەکە لە نێو ھەرێمی کوردستاندا بێت، لە دەستەڵاتی ھەرێمدایە، ئەو دانوستانانەی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دەوروبەر لەبارەی پرسی ئاو دەکرێن من وەک نوێنەری شاندی ھەرێمی کوردستان بەشدار بوومە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا ئێستا بەردەوامن و عێراق نەگەیشتووەتە ھیچ ڕێککەوتنێک، تەنیا ڕێککەوتنێک ھەیە لە ساڵانی ھەشتاکان لەسەر ڕووباری فوڕات، بە ێی ڕێککەوتنەکە ٥٠٠ مەتر موکەعەب ئاو لە چرکەیەکدا لە نێوان سنووری تورکیا و سووریا ٥٧%ی بۆ عێراق بێت، بەڵام لەسەر ڕووباری دیجلە تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە، تا عێراق بتوانێت مافی گەرەنتی بکات لە بەردانی ئاو."

کاریگەریی گرتنەوەی ئاو تەنیا ھەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو ئاوەی لە سەر خاکی ھەرێمی کوردستانەوە دەڕژێتە ناوچەکە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش کەم دەبێت، محەمەد ئەمین فارس، کە ھاوکات نوێنەری ھەرێمی کوردستانیشە لە لیژنەی باڵای ئاو لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر دەڵێت: "ئەگەر گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێران و تورکیاوە بەردەوام بێت، ئەوە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ئاو، بەتایبەتی دەڤەری قەلادزێ تووشی کێشەی ئاوی خواردنەوە دەبن، ھەروەھا ئاو لە بەنداوی دووکان کەم دەبێتەوە، بەوەش کێشەی کەمیی ئاو بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست دەبێت، بابەتێکی دیکە ھەبوو ڕێککەوتن لەبارەی کەرخ و کاروون بکرێت، بەڵام عێراق خۆی کێشایەوە لەو ڕێککەوتنە و ھیچ ئەنجامێکی نەبوو."

ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو پلانی دروستکردنی نزیکەی حەفتا بەنداوی ھەبووە، بەشێک لەو بەنداوانە دەست بە دروستکردنیان کراوە، بەڵام بە ھۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی ئابوورییەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە، فەیسەڵ دەھام، پسپۆڕی بەنداوەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھەرێمی کوردستان بیر لە دروستکردنی بەنداو بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کەمئاوی، ڕاستە پێشتر چەند بەنداوێکی بچووک دروست کراون، بەڵام لەمەودوا ھەر دەرفەتێک ھەبێت بەنداوی مامناوەند دروست بکرێن، بەتایبەتی بەنداوێک لەسەر زێی گەورە و بەنداوێکی دیکە لەسەر زێی بچووک، لەگەڵ ئەوەشدا بەنداوی گەورە زۆر پێویستە بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام پارەیەکی زۆری دەوێت و ساڵانی ڕابردوو حکوومەتی عێراق ڕازی نەبوو بە دروستکردنی بەنداوی گەورە، چونکە بەنداوی گەورە لە چوارچێوەی پرسە سیادییەکاندایە پێویستی بە ڕەزامەندیی بەغدایە."

لە دێرزەمانەوە گوتراوە شەڕی کۆتاییی دنیا لەسەر کێشەی ئاو دەبێت و ھاووڵاتیان بەردەوام ئەو قسەیە دەڵێنەوە کە چاوەڕێی ھاتنی شەڕی ئاون،  دکتۆر خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پسپۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن، سەدەی بیست، سەدەی شەڕی نەوت بووە و چەرخی ٢١یش شەڕی ئاوە، بە پێی ڕاپۆرتێکی دەزگەی ھەواڵگریی ئەمریکا، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا چەند شوێنێک ھەیە دەبێتە ھۆی دروستبوونی شەڕی ئاو، بۆ نموونە، ئێستا لەسەر نیل کێشەیەکی گەورە لە نێوان میسر و سوودان و حەبەشە ھەیە، ھەروەھا کێشەی ئاو لە نێوان عێراق و وڵاتانی دەوروبەر کێشەیەکی کۆنە، بەڵام ھەرکاتێک پەیوەندیی سیاسیی نێوان عێراق و ئێران، یان تورکیا بەرەو ئاڵۆزی چووبێت، ئەوە ئێران و تورکیا وەک کارتی فشار گرتنەوەی ئاویان بەکار ھێناوە دژی ھەرێمی کوردستان، یان عێراق، دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ لە لایەن تورکیا و دروستکردنی چەند بەنداوێک لە لایەن ئێرانەوە کارەسات بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، بابەتی گرتنەوەی ئاو بەر لەوەی کێشەیەکی ئابووری بێت، کێشەیەکی سیاسیشە"

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار