٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆفیسۆر كامەران ساڵەیی: پێگەی كورد بەھێزە و پێویستە لەگەڵ بەغدا بە وریایی مامەڵە بكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  پڕۆفیسۆر كامەران ساڵەیی، باوەڕی وایە كە كورد زۆر بەھێزە لە عێراقدا و پێویستە بۆ قۆناغی دابێ، گەرەنتی لە بەغدا وەربگرێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان. دەشڵێ، دەبێت رێككەوتنی داھاتووی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاشكرا بێت و، كورد ھیچ ھەنگاوێك نەنێت تا ئەو لایەنانەی بڕیارە حكوومەتی نوێ پێك بێنن، كارنامەی حكوومەتی داھاتوو ئاشكرا بكەن كە چی بۆ كورد دەكەن.

لایەنە عێراقییەكان بە بێ كورد ناتوانن حكوومەتی نوێ پێك بێنن، كورد یەكێك دەبێت لە پایەكانی حكوومەتی داھاتووی عێراق، بەڵام كێشەی سەرەكیی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا ئەوەیە، دەستەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام پێشێلی رێككەوتنەكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا دەكەن و ئامادە نین ئەوەی عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، جێبەجێ بكرێت.

 

پڕۆفیسۆر كامەران ساڵەیی، پسپۆڕی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھیچ كام لە قەوارە براوەكانی عێراق بە بێ كورد ناتوانن حكوومەتی نوێی عێراق پێك بێنن، بەڵام پێویستە كوردیش زۆر پەلە نەكات و چاوەڕێی لایەنە عێراقییەكان بكات تا بەرنامە و پلانی داھاتوویان ئاشكرا دەكەن، ئەو كات كورد بەپێی بەرژەوەندیی خۆی پچێتە پێشەوە، چونكە ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان كێشەی زۆرمان لەگەڵ عێراق ھەیە و بە بێ رەچاوكردنی كارنامەی حكوومەتی داھاتووی عێراق، نابێت  كورد ھیچ ھەنگاوێك بنێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سوود لە ئەزموونی رابردوو وەربگرین، ھەرێمی كوردستان ئەزموونێكی زۆر و تاڵی لەگەڵ حكووتەكانی رابردووی عێراقدا ھەیە".

ڕێبین سه‌لام، کە دکتۆرای لە یاسای دەستووریدا هەیە، لەبارەی ئەو ئەزموونە تاڵەی گەلی کوردەوە لە گەڵ ڕژێمەکانی عێڕاق، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "80 ساڵ حوكمڕانی تاكلایه‌نه‌ی سوننه‌كان و 12 ساڵ حوكمی زۆرینه‌ی شیعه‌ و په‌راوێزخستنی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كان، عێراقی گه‌یاند به‌و ڕۆژه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دا بێت، ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ عێراقی نوێ، پاش سه‌ددام حوسێنی له‌سه‌ر بنیات نرایه‌وه‌، جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و پاراستنی هاوسه‌نگی و ته‌وافوق و شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه ‌بوو، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دان، له‌ حكوومه‌تی نوێی عێراقدا جێبه‌جێ نه‌كران."

كامەران ساڵەیی جەخت دەکاتەوە لەوەی، کە دەبێ بە شێوەیەكی فەرمی ئەمجارە كورد لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێت و ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەیش ئاشكرا بكرێت، ناكرێت بە شاراوەیی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێ و دواتر خواست و مافەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكرێن لەلایەن دەستەڵاتدارانی عێراقەوە، "من پێم باشە ئەو رێككەوتنە لە پەرلەمانی كوردستانیش پەسەند بكرێت چاكترە."

دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، پیلانی ئەوە ھەبوو پێگەی كورد  لاواز بكرێت، بە شێوەیەك باس لە نەھێشتنی كیانی سیاسی  و دەستووریی ھەرێمی كوردستان دەكرا، بەڵام كورد توانی شكست بەو ھەموو پیلانگێڕییە بێنێت و پارێزگای لە پێگەی خۆی بكات، وەك ساڵەییش ئاماژەی بۆ كرد، "كورد بەھێزە لە عێراقدا، چونكە  بنیاتنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەت بووە نەك لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی، ئەگەر ئەم بابەتە گرێ بدرێت بە ژمارەی كورسییەوە، بێگومان لەنێو كورسیی پەرلەمانیدا ئێمە زۆرینە نین، بەڵام ھەرێمی كوردستان پێگەی تایبەتی خۆی ھەیە و وەك جاران نەماوە و بەھێزە، راستە دوای ریفڕاندۆم بەرەنگاری ھەندێك كێشە بووینەوە، بەڵام ئێستا پێگەی كورد ھەر بەھێزە و تەنیا پێویستە خۆمان لەنێو خۆماندا یەكگرتوو بین بەرانبەر بەغدا".

 

ڕیفراندۆم بەرەنجامی پێشێلكردنی 56 مادده‌ی دەستوورییە کە باڵادەستانی عێراق ئەنجامیان داوە و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە زۆر بۆنەی جیایشدا جەختی لێ کردووەتەوە. ڕێبین سەلام تەواو هاوڕایە بەم بۆچوونە و گوتیشی "پێشێلی دەستوور وای له ‌كورد كرد ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ئه‌نجام بدا، كه‌ گورزێكی گه‌وره ‌بوو له‌ حوكمڕانی عێراقی دا و دروستبوونی داعش له‌ ناوچه‌ سونییه‌كان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێشلی دەستووری به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ عێراقی یه‌كگرتوو نامێنێته‌وه‌."

دامه‌زراندنی ئەنجوومەنێک بۆ دادگای ده‌ستووریی عێراق وه‌ك له‌ ده‌ستووری عێراقدا هاتووه،‌ لە کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ هەڵبژاردنی خووڵی چواری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لێ کراوەتەوە و، ئامانجیش لێێ، پاراستنی دەستوور و ئەو مافانەن کە لە ماددە و بڕگەکانیدا بە ڕوونی باسیان لێ کراوە.
ڕێبین سەلام کە شاره‌زای ده‌ستووره‌ ده‌ڵێ: "ئه‌و دادگایه‌ی ئیستا‌ هه‌یه‌ هی پێش ده‌ستووره‌ و كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و كه‌سانەوە کە له‌ عێراق ده‌سه‌ڵاتدار بوونه‌ و سه‌ربه‌خۆییی خۆیان له‌ ده‌ست داوه‌، تاوه‌كو بتوانرێت هه‌ركات هه‌ر لایەنێک دەستووری پێشێل كرد، ئه‌و دادگایه‌ ڕێگر بێت و مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان پارێزراو بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌غدا به‌رامبه‌ر كورد كردی، له‌ بڕینی به‌شه‌بودجه‌ و له‌شكركێشی بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشێلی ده‌ستووری بوو. دەبێ دادگای دەستووری له‌ هه‌رسێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق، كورد و سوننه ‌و شیعه‌، پێك بێت".

قائید میرۆ- هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی

هەواڵی پەیوەندیدار