٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجامی ھەڵبژاردن و هەڕەشەی هێزەكان؛ عێراق داهاتوویێكی ناڕۆشن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  تا دێت كێشەی نێوان پەرلەمان و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانەوە ئاڵۆزتر دەبێت؛ وەك دەڵێن، پێدەچێت ھەویرەكە ئاوی زیاتر بكێشێ. چاودێرانیش پێیان وایە، ئەگەر كێشەكە چارە نەكرێت، ڕەنگە شەڕی لێ بكەوێتەوە و عێراق بەرە و دواڕۆژێكی نادیار دەچێت.

داخوازیی كورد
كورد زۆرترین قوربانیی لە پێناو بەدەستھێنانی مافەكانیدا داوە لە عێراقدا و كەمترین مافیشی بەرنەكەوتووە. وەك پێشبینی دەكرێ، ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارە ھاوكێشەكە دەگۆڕێت و كوردیش بەردەوام دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە بە كەمتر لەوەی دەستوور دیاری كردووە، رازی نابێ.
تاریق جەوھەر، شرۆڤەكاری سیاسی جەخت دەكاتەوە لەوەی كە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھاوكێشەی تازە دێنێتە گۆڕێ، بێگومان ئەوەش بە دڵی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق نابێت، باوەڕیشی وایە، كە ئەگەر عێراق لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق بینا نەكرێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، كورد و عەرەب بەیەكەوە بەشدارییان لە داڕشتنەوە و بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتەدا كرد، سوننەش بەشداری پێ بكرێتەوە، عێراق سەقامگیر نابێت.

جەوهەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەگەر عەقڵییەتی بەغدا بەرانبەر خواست و داواكاریی كورد نەگۆڕێت و مافە دەستووریەكانی ھەرێمی كوردستان ددانیان پێدا نەنرێت و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەكرێت، عێراق سەقامگیر نابێت و ھەموو ئەگەرەكان لە بەردەم عێراقدا بە كراوەیی دەمێننەوە، بە تایبەتی كە عێراق گۆڕەپانێكە لە نێوان وڵاتە زلھێزەكان و ھەریەكەیان دەیەوێ پەتەكە بۆ لای خۆی راكێشێت و ھەركاتێك ئەو پەتە بپسێت، ڕەنگە شەڕێكی ماڵوێرانكەر لەناوچەكە روو بدات و عێراقیش ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ئەو رووداوانە".

دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێ
بڕیارەكانی حەفتەی رابردووی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەژماركردنی ١٠%ی دەنگی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار و سووتاندنی دەنگی دەنگدەرانی تاراوگە، خەریكە رەوشی ئێستای عێراق بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار دەبات، چونكە پەرلەمان رژدە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە و كۆمسیۆنیش بە توندی رەتی كردووەتەوە بچێتە ژێر باری بڕیارەكانی پەرلەمان.
ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی ھەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، رەتی كردەوە كۆمسیۆن پابەندی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق بێت و گوتی: "بە ھیچ شێوەیەك دەنگی دەنگدەران بە دەست ھەژمار ناكرێتەوە،" ھاوكات ھۆشداریی تێكچوونی رەوشی عێراقیشی دا لە ئەنجامی بڕیارەكانی پەرلەمان.

لێدوانەكانی كۆمسیۆن بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكانی پەرلەمان ھێندەی تر گومەكەی شڵەقاند و ناكۆكیی نێوان ھەردوو بەرەی چارەكردنی كێشەی ئەنجامی ھەڵبژاردن لە رێگەی دادگا و یەكلاكردنەوەی لە رێگەی پەرلەمانی، قووڵتر كردەوە.

دكتۆر موسەننا ئەمین، سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پێویستە كۆمسیۆن بە یاسا كار بكات و نابێت كۆمسیۆن پێشبینیی سیاسی بكات لەوەی شەڕ لە عێراق دروست دەبێت ئەگەر دەنگ بە دەست ھەژمار بكرێن، ئەو قسەیەی كۆمسیۆن دەیسەلمێنێ كە بە یاسا كاری نەكردووە و خۆی رادەستی ئەو ھێزانە كردووە كە ھەڕەشەی لێ دەكەن، ئەمە خۆی بەڵگەیە و قسەی كۆمسیۆنە، چونكە ئەگەر قازی و كۆمسیۆن زانییان بە یاسا كاریان نەكردووە، تەنیا چارەسەر ئەوەیە سازش بكەن لەو پرسەدا".

بەڵام هەرچی تاریق جەوھەرە، بۆچوونی جیاوازی ھەیە و پێی وایە كاری پەرلەمان نییە دەست لە كاروباری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق وەربدات و دەشڵێ: "تەنیا پەرلەمانی عێراق دەتوانێ رەخنەیەك بگرێت، بەڵام بڕیارەكانی پابەند نین بۆ سەر كۆمسیۆن، رەوشی ئێستای عێراق كاریگەری لەسەر پڕۆسەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ ھەیە و دوور نییە پڕۆسەكە بە لاڕێدا ببات، بە تایبەت ئەو گومان و كێشمەكێشەی لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەوە دروست بووە".

ھێزەكان ھەڕەشە دەكەن
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە و تێدا خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بكات كە حەفتەی رابردوو بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادە كراوە و لە كاتی پەسەندكردنی كۆمسیۆن پابەند بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەرلەمان دەكات لەوەی دەنگی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار بە دەست ھەژمار بكرێنەوە و دەنگی ئاوارە و دەنگدەرانی تاراوگەیش ھەژمار نەكرێن.

موسەننا ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ئەو ھێزانەی دەنگیان كەم دەكرێتەوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونی یاساوە دەبێت، ئەگەر ھەندێ ھێز رازی نابن و پابەندی ئەنجامی ھەڵبژاردن نابن لە ئەگەری ھەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەی بۆچی ئێستا رازین بەو ئەنجامەی گومانی لەسەرە؟.

ھاوپەیمانیی "سائیروون"ی سەر بە موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر، ھۆشداریی بەكارھێنانی شەقامی دا ئەگەر ئاستەنگەكانی بەردەم پێكھێنانی حكوومەتی نوێی لانەبرێن و دەست لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان وەربدرێت، ھێزگەلی دیكەی عێراق ھۆشداریی ئاڵۆزبوونی رەوشی عێراق دەدەن لەو چەقبەستووییەی عێراق تێی كەوتووە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی مانگی ئایاری رابردوو، ھەموو ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن كە كێشەكان بەو ئاسانییە چارە نەكرێن.

مونتەشەر سامەڕایی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كۆتلەی  یەكێتیی ھێزەكانی عێراق پێی وایە، چارەكردنی رەوشی ئێستای عێراق، تەنیا بە بەرپاكردنی كودەتای سەربازی دەبێت و گوتی: "كودەتای سەربازی تاكە چارەسەرە بۆ كۆتاییھێنان بە قەیرانەكانی ئێستای عێراق، چونكە بە دووری نابینم لە رۆژانی دابێ رووداوی چاوەڕواننەكراو ڕوو بدەن".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار