فەرماندەیەكی پۆلیسی عێراق لە داگیركردنی زەویی كوردانی سەرگەڕان، ڕۆڵ دەبینێ

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، عەرەبەكان بە هاوكاریی فەرماندەیەكی پۆلیسی ئیتیحادیی عێراق، هەڕەشە لە كوردانی گوندی بەلكانەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان دەكەن؛ دەشڵێ، چارەسەری بنەڕەتیی ئەم كێشەیە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانە.
شارەدێی سەرگەڕان سەر بە شارۆچكەی دوبزی شاری كەركووكە و لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، عەرەبێكی زۆر بۆ گوندەكانی ئەو شارەدێیە و بە تایبەت بەلكانە هاوردە كراون و دەیانەوێت بە زۆر زەویی كوردەكان وەرگرنەوە و چەكداریش كراون و كوردەكانیش بێ چەكن، بەڵام ئامادە نین بە هیچ شێوەیەك زەوییەكانیان رادەستی عەرەبەكان بكەن، لەم چەند رۆژەی رابردوویشدا جارێكی دیكە ئەو كێشە سەری هەڵدایەوە و عەرەبەكان چوونەتەوە سەر ماڵە كوردەكان بە چەك و هەڕەشەی داگیركردنی زەوییەكانیان لێ كردوون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان، لوقمان حوسێن، كوردەكان سكاڵایان لەسەر عەرەبەكان تۆمار كردووە، بەڵام پۆلیس لەجیاتی دەستگیركردنی عەرەبەكان، كوردەكانی دەستگیر كردبوو و زۆریش ئیهانەی كردبوون و دواتر ئازادی كردوونە.
لەو بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای كەركووك، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا وەك جاری پێشوو كێشەی گوندەكانی شارەدێی سەرگەڕان بە شێوەیەكی كاتی راگیراوە، ئەمەیش دوای ئەوەی پەیوەندیمان بە فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادییەوە كردووە، بەڵام خۆی كێشەكە وەكوو جاری پێشووە و كەسێك لەوێ هەیە بە ناوی عەقید عەلی، جێگری فەرماندەی فەوجە لە پۆلیسی ئیتیحادی، كە ئەو كەسە پارە لە عەرەبەكان وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئەوان چەكیان هەبێت و بچنە سەر كوردەكان و رێگەیش بە كوردەكان نادات چەكیان هەبێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی كەڕامەتی كوردەكان بشكێندرێت، منیش ئەمەم بە فەرماندەی پۆلیسی ئیتیحادی و وەزیری ناوخۆی عێراقیش گەیاندووە، لەبەر ئەوەی توانیمان ئەو كەسەی پێشوو لەوێ بگوازینەوە، بەڵام ئێستا ئەمە دروست بووە".
عەبدوڵڵا گوتیشی، عەرەبەكان دەچنە سەر ماڵە كوردەكان و ئەو فەرماندەیەی پۆلیسیش بە كوردەكان دەڵێ كە نابێ رێگرییان لێ بكەن و كوردەكانیش پارێزگاری لە خۆیان دەكەن، بۆیە بە پارە هەموو هاوكارییەكی عەرەبەكان دەكات دژی كوردەكان.
ئەو پەرلەمانتارە، هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "كوردەكان زەوییەكانی خۆیان چاندووە و جارێ وەستاون تاوەكوو دەیدوورنەوە، ئێمەیش دوای هەوڵێك زۆر توانیمان دەستدرێژیكردنە سەر كوردەكان ڕابگرین، بەڵام چارەسەری كۆتایی ئەوەی كە پێویستە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و هێزی پێشمەرگەیش جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سنوورە، چونكە تاوەكوو هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەبێت، چارەكردنی ئەو كێشانە ئەستەمە".
دەشڵێ: "سەرەتا تەنیا سێ تا چوار خێزانی عەرەب هاتبوونە ناوچەكە، بەڵام كە زانییان هاوكارییان دەكرێت و رێگری نییە، ئێستا رۆژ بە رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە".
لە سەردەمی رژێمی بەعسی ڕووخاودا، عەرەبێكی زۆر هاوردەی سنووری كەركووك كران بە مەبەستی بەعەرەبكردن، بەڵام دوای ڕووخانی رژێمی بەعس و بەپێی ماددەی 140، ئەو عەرەبانە گەڕێندرانەوە بۆ شوێنی خۆیان و هەمووانیش قەرەبوو كرانەوە، وەلێ دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە پرۆسەی بەعەرەبكردن دەستی پێ كردووەتەوە و ئەو عەرەبانە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو ناوچانە.
بڵند ئیبراهیم




