"ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە"
__2018_05_31_h16m52s36__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی عێراق بە دەرکردنی بڕیار بۆ ئەنجامی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان نەوەستا، ئێستا پەنای بۆ گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراقی بردووە، وەک پسپۆڕێکی یاسای دەستووری ڕوونی دەکاتەوە، بڕیاری پەرلەمانی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەڵەیەکی گەورەی یاساییە، چونکە ھەڵبژاردن بە پێی ئەو یاسایە بەڕێوە چووە.
دوێنێ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە درێژەی بە کۆبوونەوەی ڕابردوو دەربارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دا و پڕۆژەیاسایەک بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارەی ٤٥ی ھەڵبژاردنی عێراق ئامادە کراوە، بەڵام پڕۆژەیاساکەی پەرلەمان ناکۆکیی زۆرتری نایەوە و لەم بارەیەوە، دکتۆر عوسمان عەلی وەیسی، پسپۆڕی یاسای دەستووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەرلەمان ئێستا مافی ئەوەی نییە یاسایەک کە پێشتر دانراوە، بیگۆڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە پێی ئەو یاسایە بەڕێوە چووە، بەڵام ئەگەر بابەتێک ھاتبێتە پێشەوە و یاساکە بەھەڵە جێبەجێ کرابێت ئەوە پەرلەمان مافی ڕاستکردنەوەی ھەڵەکەی ھەیە، نەک گۆڕینی یاساکە تا چوارچێوەیەکی یاساییی نوێ بەسەر ئەو واقعەدا بسەپێنێت کە بە ھۆی یاسای ڕابردووەوە کەوتووەتەوە."
یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ساڵی ٢٠١٣ ھەموار کراوەتەوە، ئەگەر ئەم جارە ھەموار بکرێتەوە دەبێتە سێیەم ھەموارکردنەوە، ئەوەی ھەموارکردنەوەی ئەم جارە جیا دەکاتەوە لەسەر خاتری ژمارەیەک پەرلەمانتارە، کە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەرنەکەوتوون و دەیانەوێ بە گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن ئەنجامی ھەڵبژاردن بگۆڕن.
سیروان سیرینی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بۆ خاتری ھەندێ کەسە، کە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەرنەچوونە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پێشتر یاسای ھەڵبژاردنەکان ھەموار کراوەوتەوە، ھەر خۆیان دەنگیان پێ داوە، خێرە ئێستا ھەمان ئەو کەسانە دەیانەوێ یاساکە ھەموار بکەنەوە کە دەرنەچوونە لە ھەڵبژاردن و دەیانەوێ بە گۆڕێنی یاسا بێنەوە گۆڕەپانەکە، خەڵکی عێراق چەندین ساڵە بە ھۆی ئەو عەقڵییەتەوە لە ناخۆشی و مەینەتیدا دەژی."
بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیش تاکە لایەن بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵا و تانەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و دەستەی تەمیزی دادگای عێراقە، شارەزایان پێیان وایە پەنا نەبردن بۆ دادگا و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ناکۆکیی زۆر دەخاتە نێوان لایەنە عێراقییەکان و ئەنجامەکەیشی دڵخۆشکەر نابێت بۆ عێراقییەکان. لەم بارەیەوە دکتۆر عوسمان عەلی وەیسی گوتی: " ئەگەر پەرلەمانی عێراق کێشەی ھەیە لەسەر دەستەی تەمیز، یان پێداچوونەوەی ئەو سکاڵایانەی ھەن، ئەوە پەرلەمان دەتوانێ پەنا بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ببات، نەک گۆڕین و ڕاستکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، من بە کارەکی نەشیاوی دەزانم و زیادەڕۆییە بۆ سەر یاسا، ئێستا پەرلەمانی عێراق یاسایەک پێشێل دەکات تا چوارچێوەیەکی یاساییی نوێ بە ئەرکێکی یاسایی بڕیار لەسەردراو بدات."
پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە ڕۆژی شەممەی دابێ درێژە بە کۆبوونەوەکەی بدات بۆ ھەموارکردنەوەی یاساکە و دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، واتە دوێنێ، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام کێشەی بەردەم پەسەندکردنی یاسای ھەموارکراوی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژەی یاساییی پەرلەمانتاران دەبێت، کە ئاخۆ ئەو ڕێژەیەیان پێ تەواو دەکرێت، یان خەونەکەیان لێ دەبێت بە کابووس و خۆلی پەرلەمان کۆتایی دێت و یاساکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. سیروان سیرینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دەوامی فەرمیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق نەماوە، تەنیا بۆ حاڵەتی فریاکەوتن دەکرێ داوای کۆبوونەوە بکات، نەک وەک ئێستا کۆبوونەوە بە کراوەیی بەڕێوە ببات، چونکە کەمتر لە مانگێک تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق ماوە و پەرلەمانی نوێ دەستبەکار دەبێت."
قائید میرۆ




