داعش ٦٨ مەزار و شوێنی ئایینی ئێزدی، 85 كڵێسا و 3 گۆڕستانی كریستیانەكانی خاپوور كردوون

هەولێر-KDP.info- لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی پارێزگای مووسڵ و دەڤەری شنگال لە ٣/٨/٢٠١٤، زیانێكی زۆر بەر دەڤەرەكە كەوت و بە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەم ناوچە لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بە بێ جیاوازی بوونە قوربانی، هەروەها هەزارانیان لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران كە تا ئێستایش چارەنووسی ژمارەیەكی زۆریان نادیارە و حكوومەتی هەرێمیش لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ رزگاركردنیان.
لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند كە تیرۆریستانی داعش تاوانی گەورەیان دەرهەق بە پێكهاتە ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا ئەنجام داوە و گوتی: "لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی پارێزگای مووسڵ، دەیان تاوانی دڕندانەی دەرهەق بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئەنجام دا، بە تایبەتی دەرهەق بە هاووڵاتیانی كورد لە كوشتن و دەركردن و رفاندن و، لەم رووەوە كوردانی ئێزدی بوونە قوربانیی دڕندەترین و گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی داعش و بە هەزارانیان رفێندران كە ژمارەیان گەییشتە ٦٤١٧ كەس، لەمانە ٣٥٤٨ ئافرەت بوون، ئەو ئافرەتانە تووشی جۆرەھا رەفتاری دڕندانە و دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێكی مرۆڤانە بوون، هەر لە فرۆشتن و كڕین و ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونییەوە تا گۆڕینی ئایین".
زێباری، تیشكی خستە سەر كارەكانی نووسینگەی تایبەتی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە بۆ رزگاركردنی رفێندراوانی دەستی داعش دامەزراوە و ڕایگەیاند: "نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لیژنەیەكی تایبەتی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگاركردنیان، دوای گەڕانەوەیشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە ئەركی رزگاكردنیانی گرتە ئەستۆ بە هەوڵە بەردەوامەكانی تا ڕۆژی 23/5/2018 ژمارەی ئێزدییە ڕزگاركراوەكان (3275) كەس بووە، لەوانە (١١٤٨) ئــافرەت و (٣٣٦) پیاو و (٩٣٥) كچ و (956) كوڕ ڕزگار كراون، ئەوانەی تا ئێستایش ڕزگار نەكراون، ژمارەیان (٣١٤٦) كەسە، لەوانە (١٤٦٥) ئافرەت و (1685) پیاو كە لە دەست داعشدا ماون".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تەنیا كوردانی ئێزدی نەبوونەتە قوربانیی داعش و لەو بارەیەوە زانیاریی دا: "گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوونەتە قوربانیی دەستی داعش وەك كریستیان و كاكەیی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێزدی كورد بوون و خاوەنی ئایینی خۆیان بوون، بۆیە زیاتر رووبەڕووی توندوتیژیی جۆراوجۆر بوونەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كریستیان بێسەروشوێن بوون و تا رێكەوتی 18/7/2017 كەیسی (250) هاووڵاتیی كریستیانی رفێدراو دۆكیۆمێنت كراوە كە (82)ـیان ئافرەت و (168)ـیش پیاو بوون. لەوانە ژمارەیەكیان رزگار كراون و ژمارەكیان رزگار نەكراون و بێسەروشوێنن كە (20)ـیان ئافرەتن، جگە لە كوشتن و رفاندنی پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە، هەروەها مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكانیشیان وێران و خاپوور كردوون، لەوانە (٦٨)مەزار و شوێنی ئایینی ئێزدیان و (85) كڵێسا و (3) گۆڕستانی كریستیانەكان خاپوور كراون".
دكتۆر دیندار، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەشێك لە رێكخراوەكان هەوڵ دەدەن كەیسی ئافرەتە رفێندراوەكان بە مەبەستی تایبەتی بقۆزنەوە و لەو بارەیەوە ئاماژەی دا: "مایەی نیگەرانییە زۆر لە چالاكوانانی مەدەنی لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان پارە و كۆمەك بە ناوی ئافرەتە رزگاربووە ئێزدییەكانەوە كۆ دەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ئافرەتە رزگاربووانە ھیچ شتێكی ئەوتۆیان لەوانە نەدیوە، بە تایبەت لە باری دووبارە شیاندنەوەی رزگاربووەكان و گەڕانەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا، لەلایەكی دیكەوە ھەندێك چالاكوانی مەدەنی، ناوەناوە، ھەندێك لەو ئافرەتە رزگاربووانە لەگەڵ خۆیان دەبەنە وڵاتانی ئەورووپا و عەرەبی و، لەو وڵاتانە كۆڕ و سیمینار دەگێڕن بۆ كۆكردنەوەی پارە و كۆمەك بە ناوی ئەو ئافرەتانەوە".




