بابەكر زێباری: داعش كەڵكی لە بۆشاییی ئەمنیی عێراق وەرگرتووە

دهۆك-KDP.info- بابەكر زێباری، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای دیجلە، رەوشی عێراق لە رووی ئەمنییەوە بە خراپ و ئاڵۆز ناو دەبات و دەشڵێ، جارێكی تر داعش خۆی رێك دەخاتەوە، بە تایبەت لە چیای حەمرین و لە نێوان سەڵاحەددین و دیالە و كەركووك و لە بیابانەكانی رۆژئاوادا.
بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق و بەرپرسی ئێستای میحوەری رۆژئاوای دیجلە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێستا رەوشی عێراق لە رووی ئەمنییەوە باش نییە و جارێكی تر داعش خۆی رێك دەخاتەوە، بە تایبەت لە چیای حەمرین و لە نێوان سەڵاحەددین و دیالە و كەركووك و بگرە لە بیابانەكانی رۆژئاوایش".
زێباری، هۆشدارییشی دا، ئێستا داعش لە هەموو ڕوویەكەوە خۆی بەهێز و رێك دەخاتەوە و ئەمەیش بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە نێو سوپای عێراقدا دەگەڕێتەوە، كە مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی خەڵك و ناوچەكەیش هەیە.
هاتنی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان بۆ ناوچە سوننەنشینەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بووە هۆكاری ئەوەی چەندین كێشە لەو ناوچانەدا دروست ببن و، خەڵكیش ئاواتەخوازە جارێكی تر پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكانیان.
وەك زێباری گوتی: "لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە دوو سەنگەر هەن، یەكێك هیی پێشمەرگەیە و ئەوەی دیكەیش هیی هێزە عێراقییەكانە، داعشیش بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت بگاتە سەنگەری پێشمەرگە، بەڵام دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال و تەلەعفەر و سنوونێ لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە، داعش جارێكی دیكە خۆی لەو ناوچانەدا ڕێك دەخاتەوە".
ئەمساڵیش ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا پڕۆژەبڕیاری هاوكاریكردنی پێشمەرگەی لە ڕووی ماددی و لۆجستییەوە بۆ ماوەیەكی دیكە درێژ كردەوە و، بابەكر زێبارییش لەو بارەیەوە ئاماژەی دا: "ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە خەرج كردبوو، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشمەرگە توانیویەتی بە چەكێكی سووكەوە ئوستوورەی داعش تێك بشكێنێت و لەنێویان ببات".
كــاروان بــاعەدری




